تورکیا بەپاڵپشتی ئازەربایجان دژ بە ڕووسیا دەوەستێت

پۆڵەتیک پرێس؛

 

تا دێت شەڕ و پێکادانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباخ، سەر بۆ توندبوونەوە دەکیشێت و بەئاشکراش پاڵپشتی تورکیا لەم شەڕەدا بۆ ئازەربایجان دەبینرێت، کە دەوترێت دەستوەردانەکانی تورکیا لەم نێوەندەدا وەستانەوەیە بەرامبەر ڕووسیا لە ناوچەکە.

 

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ڕوو لە قەوقاز، ئەمجارە تورکیا یارییەکی پر لە سەرکێشی دەکات بەرامبەر ڕووسیا، بەم سەرکێشییە نوێیەشی لەقەوقازدا ، ئەردۆگان خۆی دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مۆسکۆ، کەپشتیوانی سەرەکی ئەرمەنستانە.

 

بە ڕای شیکەرەوە سیاسییەکانی ڕووس ، مۆسکۆ بە مانۆڕەکانی ئەردۆگان ڕاهاتووە و ئاگاداری ئامانجەکانییەتی، پاڵ پێوەنانی کێشەکانی تورکیاش لە لایەن سەرۆکی ئەو وڵاتە بەرەو سنوورەکانی قەوقاز، بۆ ئەوەیە تورکیا بچێتە ناو سەوداو مامەڵەی دەستلێهەڵگرتن لە باڵادەستی ڕووسیا لە سووریا.

 

وەستانەوەی تورکیا بەرامبەر ئەرمیناو پاڵپشتی کردنی ئازەرییەکان، چاودێران ئەوەی لێدەخوێننەوە، کە تا ئێستاش تورکیا ڕق ئەستوورە بەرامبەر ئەرمەنییەکان، هەر بۆیە نیکۆڵ باشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان وای لێک دەداتەوە کە دووبارە و بە عەقڵییەتی سەردەمی عوسمانی ئەردۆگان دەیەوێت جارێکی دیکە لە ئەرمینیا کۆمەڵکوژی ئەنجام بداتەوە.

 

باشینیان دەڵێت؛ سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی جەنەراڵەکانی سوپای تورک لە هێرشە سەربازییەکانی ئازەربایجان بۆ سەرمان دەرخەری ئەو راستییەیە کە تورک دەیەوێت جارێکی دیکە کوشت و بڕمان بکەن.

 

لە چەندین لاوە ئەوە لەسەر تورکیا ساخ بووەتەوە کە بەڕەوانەکردنی چەکدارانی سووری بەکریگیراو لە شەڕی نێوان ئەرمەن و ئازەردا تیوەگلاوە و بەشێک لە سەربازە پلە باڵاکانیشی بۆ چاودێریکردن و ئاڕاستەکردنی هێرشەکان لە بەرەکانی شەڕدان.

 

یادەوەری ئەرمەنیەکان لەگەڵ کۆمەڵکوژکردنیان لە لایەن عوسمانیەکان، یادەوەرییەکی تاڵە کە تورکیا تائێستاش ڕەتی دەکاتەوە نەک هەر داوای لێبوردن بکات، بەڵکو دان بەوەدا بنێت کە ڕوویداوە.

 

ساڵی 1915 کاتێک سوپای عوسمانی لەجەنگی جیهانی یەکەم دا شکستیان هێنا، تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەرمەنەکانی بە خراپترین شێوە کۆمەڵکوژ کرد.

 

مێژووناسان ئەو کارەی عوسمانییە تورکەکان لەودەمەدا بە یەکەم کۆمەڵکوژی سەدەی بیستەم ناساند، تا ئێستاش زیاتر لە 30 وڵات “کۆمەڵکوژی ئەرمەنی”یان دانپیداناوە، لەوانە فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، لیتوانیا، بولگاریا، هۆڵەندا، سویسرا، یۆنان، ئەرجەنتین، ئورۆگوای، ڕووسیا، سلۆڤاکیا و نەمسا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا