پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر لە عێراق هەلی ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ی لەكیس خۆی نەدا تا تێیدا بەیاننامەیەك لە چوارچێوەی هەڵوێستە جیاوازەكانیدا بڵاوبكاتەوە، كە هەندێك لە چالاكوانان بە سەركردەی هەڵوێستە دژەكان ناوی دەبەن.
لە نوێترین بڵاوكراوەیدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر، موقتەدا سەدر بەم رستەیە دەست پێدەكات: ساڵێك تێپەڕی بەسەر یادی ئەو رووداوەی پێشی دەڵێن راپەڕینی تشرین، پێشتریش لەمانگی شوباتی ٢٠٢٠ لە تویتێكدا نووسیبووی: شۆڕشی تشرینم خۆشویست، هێشتاش خۆشمدەوێت.
شۆڕشی تشرینم خۆشویست، هێشتاش خۆشمدەوێت
بەڵام لە هەمان مانگدا، كە سەدر خۆشەویستی خۆی بۆ رووداوەكەی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ دەربڕی، شوێنكەوتووانی سەدر، كە بە كڵاو شینەكانیش ناسراون “بەوپێیەی زۆرتر كڵاوی شین دەكەنە سەریان”، هەڵیانكوتایە سەر خێمەی خۆپیشاندەران لە شاری نەجەف لە باشووری عێراق و ژمارەیەك خۆپیشاندەرانیان كوشت و بریندار كرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق بێتە دەنگ.
لەراستیدا، كڵاو شینەكان پێچەوانەی سەركردەكەیان هەڵسوكەوتیان دەكرد، لەسەرەتای خۆپیشاندانەكاندا بەشێوەیەكی نافەرمی بەشداری خۆپیشاندانەكانیان دژی حكومەتی ئەو كاتەی عێراق كرد، تەنانەت هەندێك كات خۆپیشاندەرانیان لە هێرشی هێزە ئەمنییەكان و میلیشیاكانی ئێران دەپاراست.
لەدوای ئەوەی موقتەدا سەدر و كوتلە سیاسییە هاوپەیمانەكانی ئێران لە شوباتی رابردوو، گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ دیاریكردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق، خۆپیشاندەران ئەو بڕیارەیان رەتكردەوە، ئەوەش بووەهۆی ئەوەی كڵاو شینەكان لە پاراستنی خۆپیشاندەرانەوە دەست بكەن بە هێرش كردنە سەریان و شێواندنی خێمەكانیان.
ئەوە بوو دواتر، كڵاو شینەكان بۆمبی سوتێنەریان دەخستە خێمەی خۆپیشاندەرانەوە و چەكی زیندوویان دژیان بەكاردەهێنا بەجۆرێك لە ماوەیەكی كەمدا هەشت خۆپیشاندەر كوژران.
كڵاوەكانی سەدر
خۆپیشاندەران دەیانبینی سەدر پاڵپشتی عەلاوی دەكات و داوا لە كڵاو شینەكان دەكات خێمەی خۆپیشاندەران بڕوخێنن بە بیانووی ئەوەی ئەو كەسانەی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دەڕژێنە سەر شەقامەكان خەریكی ناپاكین، ئەوەش وەك سەرەتای رەتكردنەوەی شەقام بوو بۆ سەدر.
موقتەدا سەدر خۆی وەك نیشتیمانپەروەرێك وێنا دەكات و بوونی ئێران و نفوزی ئەمریكا رەت دەكاتەوە، بەڵام ئەوەی لە راستیدا روودەدات پێچەوانەی ئەو وێنا كردنەیە.
لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری ٢٠١٨، عێراقییەكان پێشبینی سەركەوتنە لەناكاوەكەی سەدریان دەكرد، كە تێیدا كوتلەكەی سەدر “سائرون” پێشڕەوی هەڵبژاردنەكانی دەكرد.
عێراقییەكان پێشبینی سەركەوتنە لەناكاوەكەی سەدریان دەكرد، كە تێیدا كوتلەكەی سەدر “سائرون” پێشڕەوی هەڵبژاردنەكانی دەكرد
بەڵام شەقامی عێراقی هیچ سودێكی لەم كوتلە پەرلەمانییە نەبینی، كە لەنێوان دڵسۆزی بۆ میلیشیاكانی ئێرانو خۆپیشاندەرانی عێراق هەڵبەز و دابەزی دەكرد، تەنانەت تا ئێران قایل نەبووایە نەیدەتوانی بڕیار بدات ئەوەش كاری حكومەتی دوادەخست.
لە ئەیلولی رابردوو، كاتێك هێرشەكانی میلیشیا ئێرانییەكان بۆ سەر ناوچەی سەوزی عێراق روو لە زیادبوون بوو، سەدر بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا داوای كرد عێراق نەبێتە مەیدانی یەكلایی كردنەوەی شەڕەكان.
ئەو بەیاننامەیەی سەدر لەكاتێكدایە، لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، كاتێك موشەك ئاراستەی ماڵەكەی كرا، دەستی كرد بە كاركردن لەگەڵ كۆمەڵە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بۆ وەدەرنانی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق، لەو كاتەشدا وتی: ئەگەر هێزە ئەمریكییەكان نەكشێنەوە، ئەوا هەڵوێستی دیكەمان دەبێت.
سەدرییەكان كێن؟
لە ساڵی ٢٠٠٣ و كاتی پڕۆسەی ئازادی عێراق، سەدرییەكان شوێنكەوتەی محەمەد سادق سەدر باوكی موقتەدا بوون.
بەپێی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵات، ئەو سەدرییانەی كە ئێستا لەگەڵ موقتەدان ئەوەندەی شوێنكەوتەی موقتەدا خۆین ئەوەندە شوێنكەوتەی باوكی نین، بەڵام ئەوانەی دەیانویست لە موقتەدا جیاببنەوە چوونەپاڵ ئەو كۆمەڵانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن لە دیارترینیشیان كۆمەڵەی ئەهلی حەقی سەر بە ئێرانە.
ئەو سەدرییانەی كە ئێستا لەگەڵ موقتەدان ئەوەندەی شوێنكەوتەی موقتەدا خۆین ئەوەندە شوێنكەوتەی باوكی نین
لە یەكێك لە بەیاننامە نوێكانیدا سەدر باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و دەڵێت: پێویستە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدرێت بەجۆرێك حزبە گەندەلەكان نەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست، ئەو بەیاننامەیە بووە مایەی پێكەنینی زۆرێك لە شوێنكەوتووانی سەدر لە تویتەر.
ئەو حیزبانەی سەدر بە گەندەڵ ناوی بردوون، پێشتر هاوپەیمانێتیان هەبووە بۆ دیاریكردنی سەرۆكی حكومەت لەنێو ئەو هاوپەیمانانەشدا هاوپەیمانی فەتح بوونی هەیە كە لەلایەن هادی ئەلعامری بەڕێوەدەبرێت.