ژنێكی كورد بە تەمەنی 100 ساڵی كۆرۆنای تێپەڕاند

پۆڵەتیك پرێس:
لە شاری هەڵەبجە ژنێكی تەمەن 100 ساڵ نەخۆشی كۆرۆنای تێپەڕاندووەو كوڕێكی ئەو ژنە بە تەمەنە دەڵێت: تەندروستی دایكم زۆرباشە و تەنیا ماوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، لەئێستاشدا لە ماڵەوەیە.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پزیشكان دەڵێن: كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنییان هەیە لە كاتی تووش بوونیان بەكۆرۆنا مەترسی زیاتر لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، بەو پێیەی بەرگری لەشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە لاوازە.

بەڵام ئەم هاوكێشەیە لەلای ژنێكی كوردی هەڵەبجەیی پێچەوانەیەو دوای تووشبوونی بەڤایرۆسەكە، بەتەمەنی سەد ساڵییەوە بەسەریدا زاڵ بوو، نەخۆشییەكەشی تێپەڕاند.

 

بەتەمەنی سەد ساڵییەوە بەسەریدا زاڵ بوو، نەخۆشییەكەشی تێپەڕاند

 

ئامینە عەبدولغەفور عەلی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و بەوتەی كەسوكارەكەی تەمەنی نزیكەی 100 ساڵە، لە چەند رۆژی رابردوودا بارودۆخی تەندروستی تێكچووە و بردوویانە بۆ نەخۆشخانە، پاش ئەوەی ماوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانە بووە و چەند پشكنینێكی بۆ كراوەو دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بەڵام تێیپەڕاندووە.

ئیحسان جمیل كوڕی ئەو ژنە هەڵەبجەییە، بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەو كاتەی دایكم لە ماڵەوە نەخۆش بوو، من لە نەخۆشخانەی وەفا خەوێنرابووم بە هۆی تووشبوونم بەڤایرۆسی كۆرۆنا، نیشانەی سەرەكی لەدایكمدا، كە دەركەوتبوو كۆكەیەكی زۆر بوو، كە ماوەیەكی چەند رۆژێك بەردەوام كۆكەیەكی توندی هەبووە.

باسی لەوەشكرد دوای ئەوەی دایكم سەردانی پزیشكی كردووەو لە نەخۆشخانە خەوێنراوە دەركەوتووە بەرلەوەی سەردانی پزیشك بكات تووشی كۆرۆنا بووە و تێیپەڕاندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بێهێز بووە پزیشك ماوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانە خەواندوویەتی.

ئێستا تەندروستی ئەو ژنە بەتەمەنە باشە و ئەوەیشی زیاتر یارمەتی دەربووە لەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تێپەڕێنێت ئەوە بووە، كە هیچ نەخۆشییەكی درێژخایەنی نەبووە.

دكتۆر ئاراس حەمەسەعید فەرج بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا بۆ تووشبووانی كۆرۆنا لەهەڵەبجە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: چەندین نەخۆشمان هەبووە، كە بە تەمەن بوون و نەخۆشی درێژ خایەنییان هەبووە لەجۆری شەكرە و شێرپەنجە، كۆرۆنایان تێپەڕاندووە و ئێستا تەندروستییان جێگیرە.

 

چەندین نەخۆشمان هەبووە، كە بە تەمەن بوون و نەخۆشی درێژ خایەنییان هەبووە لەجۆری شەكرە و شێرپەنجە، كۆرۆنایان تێپەڕاندووە

 

دكتۆر ئاراس راشیگەیاند، ژمارەیەك بەركەوتەی چەكی كیمیایش تا ئێستا تووشی كۆرۆنا بوون تەنیا دوو كەسیان كۆچی دواییان كردووە ئەوانی دیكەش نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا نمونەی نەخۆشێكی خستە ڕوو، كە باش بووەتەوە ماوەی 32 رۆژ لە نەخۆشخانەی وەفا ماوەتەوە و لە ژێر چاودێری پزیشكدا بووە دواتر كۆرۆنای تێپەڕاندووە و رەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە.

لە ئێستادا 32 نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی هەڵەبجەدان، كە تووشی كۆرۆنا بوون لەو رێژەیەش 28 یان لەنەخۆشخانەی وەفا تایبەت بە تووش بووانی كۆرۆنان و 6 كەسیان لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرددان، ئەوانی دیكەش، كە بارودۆخی تەندروستییان باشترە لە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی چارەسەری پزیشكی وەردەگرن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا ئاماژەی بە دۆخی شاری هەڵەبجە لە رووی نەخۆشی كۆرۆناوە كرد و وتی: ناتوانین بڵێین كۆنترۆڵە، بەڵام باشە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا