پەیكەرەكانی موسڵ بەپێوە دەوەستنەوە

پۆڵەتیك پرێس:
لەكاتی خۆرئاوابووندا، زۆرێك لە دانیشتوانی شاری موسڵ بۆ سەیركردنی پەیكەرێكی گەورەی رەنگ ئاڵتوونی چوون، كە پەیكەری ژنێكە، كە ئەوە بییری خەڵكی شارەكەی بۆ ئەو سەردەمە بردەوە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون‌و سەرجەم پەیكەرەكانیان شكاند.

پەیكەرەكەی موسڵ یەكێكە لەو شەش بەرهەمەی هونەرمەندانی شاری باكووری عێراق، كە بۆ شاری موسڵ دروستكراون‌و بڕیارە لەو شوێنانە دابنرێن، كە پێشتر پەیكەری لێبووەو لەلایەن چەكدارانی داعش لەساڵی 2014 بۆ 2017 شكێنرابوون.

تیمێكی گەنجی پەیكەرتاش، كە بریتین لە محەمەد نزار و عومەر ئەلبەت و نزار عەبدوللەتیف و خالید عەبادی و عومەر ئیبراهیم، ئەو پەیكەرانەیان دروست كردووە.

 

پەیكەرەكەی موسڵ یەكێكە لەو شەش بەرهەمەی هونەرمەندانی شاری باكووری عێراق، كە بۆ شاری موسڵ دروستكراون‌

 

ئامانجی ئەو هونەرمەندانە دروستكردنی پەیكەری نوێیەو زیندووكردنەوەی كاری هونەریشە لەموسڵ، كە لەساڵی 2014وە ئەو كارە قەدەغە كراوە.

پێشتر شوێنی پەیكەری “خانمە جوانەكەم”، لەلایەن داعشەوە بۆ لەسێدارەدان دانراوە، ئەو هونەرمەندانە دەیانەوێت بە دانانی ئەو پەیكەرە یادەوەرییە ناخۆشەكانی سەردەمی داعش لەبیر موسڵییەكان بەرنەوە.

عومەر ئیبراهیم، لەنزیك كارە هونەرییەكەی بۆ ئاژانسی (AFP)ی وتی: لە ڕێگەی دانانی پەیكەر لەم گۆڕەپانەدا هەوڵمدا وێنەی تاریك و تۆقێنەری كوشتن و سەربڕین و قامچی لەسەر بیرووخەیاڵی خەڵك بسڕمەوە.

ئەو پەیكەرتاشە تەمەنی 35 ساڵە، لە دۆخی زۆر مەترسیداردا دەستی بەكاركردن لەسەر ئەو پەیكەرانە كردووە، چونكە هێشتا داگیركاری داعش لەموسڵ بەردەوام بووە، بۆیە لەژێرزەمینێكدا بەشێك لەكارەكانی ئەنجامداوە.

 

لە دۆخی زۆر مەترسیداردا دەستی بەكاركردن لەسەر ئەو پەیكەرانە كردووە

 

دوای گرتنی شاری موسڵ لە هاوینی 2014، داعش سەرجەم ئەو پەیكەرانەی تێكداو شوێنەوارە مێژووییەكانی شارەكەشیان تاڵان كردو دواتر دەقاندیانەوە.

ئەم كردەوە بەربەرییانەی داعش زەبرێكی توند بوو بۆ شاری موسڵ، كە چەندین سەدەیە بەمەڵبەندی ڕۆشنبیری ئەدەب و مۆسیقا و هونەر ناسراوە .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا