کیاکسار ئەحمەد: نووسین فێڵێكە بۆ دواخستنی خۆكوشتن

پۆڵەتیک پرێس

وەشانی نووسیار لە چوارچێوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم به‌مزوانه‌ ڕۆمانی (بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە) لە نووسینی (کیاکسار ئەحمەد) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

له‌باره‌ی بردنەوەی ئەم خەڵاتە کیاکسار ئەحمەد ده‌ڵێت: کاتێک ناوی خۆم بینی لە ناو براوەکانی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم لەلایەن وەشانی نووسیار، زۆر دڵخۆش بووم. خەڵاتەکە جگە لەوەی لە کاتێکی زۆر باشدا ھات ھاوکات وزەی ھاندان و بەردەوامی تێدا زیاتر کردم. ئیتر بە گرنگییەوە لە تێکستە تەواو نەکراوەکانم دەڕوانم. کاردانەوەکان زۆر بوون، زۆر پیرۆزباییان لێکردم. نامەی زۆرم بۆ ھات کە پر بوو لە خۆشەویستی و جوانی. ئەوەش بۆ من هەموو شتێکە.”

هەروەها لە بارەی ڕۆمانی بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە وتی: ھەوڵمداوە بە یەک زمان و بە یەک تەکنیک ئیشی تێدانەکەم، لەبەرئەوەی ئەوە ئازادی زیاتری پێ دەبەخشیم. لەبەر ئەوەی زمان بەپێی چیرۆک و گێڕانەوەکان دۆخی جێگیری خۆیان لە دەست دەدەن. لە ھەندێ شوێن ھەموو شتێک لە خزمەت زماندایە، لە ھەندێ شوێنیتر لە خزمەت گێرانەوە، لە ھەندێ شوێنیتر تەکنیک. بەھیوام زۆرترین کەس بیخوێننەوە.

کیاکسار ئەحمەد لەبارەی ئەزموونی نووسینی خۆی و نووسینی ڕۆمانەکەیەوە بۆ بەشی فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێس دواو وتی: بەدەر لە پێشینەی خوێندنەوەو ئەزموون بۆ نوسینی هەر تێكستێك، شتێكیتر هەبوو كە ڕەنگە لە كات و شوێنێكی دیاریكراودا بێت، ئەویش دۆزینەوەی لەرەی نوسینە. هەر ئەوەندەی فریكۆێنسی تێكستەكەم دۆزییەوە ئیتر هەموو شتێك گۆڕا! لە ناوەوەمدا دوو هێزی گەورە لە جەمسەریگیرییەكی بەردەوامدا بوون، كە بەردەوام دژی یەك بوون و لە هەمانكاتیشدا بەرەو یەكتر پەلكێش دەبوون، ئەوانیش هێزی توڕەیی و هێزی چێژ بوون. لە هەموو كاتێكدا هەستم بە شێتی ئەم دوو هێزە ئەكرد. لە كاتێكدا گەورەترو گەرەتر دەبوو، بە ڕوخسارو هەڵسوكەوتمەوە دەركەوتن. كەسە زۆر نزیكەكانم و هاوڕێكانیشم بێبەش نەبوون لە پرژەی توڕەیی و چێژێك كە بەس خۆم ئەمزانی لە كوێوە دێت. ژیانم بەتەواوی گۆڕا. هەموو شتێكم ئەكرد لە پێناوی ڕۆمانەكەمدا. بە جۆرێك كە هەناسەدان و نانخواردن و سێكس كردن و هەموو چالاكییەكانم بووبوون بە پڕۆسەیەك لە پێناوی نوسیندا. هەر شتێك لە نێوان جەمسەری توڕەیی و چێژی نوسینەكەمدا نەبوایە ڕەتم ئەكردەوە. بینین و ژیانم لەگەڵ تێكستەكە تێكەڵ بووبوون، زۆر جار لە شەقام و كافێ و شوێنە نهێنی و ئاشكراكاندا بۆنی كارەكتەرە بێ ناوەكانی خۆم ئەكرد، یاخود لەناو تەم و ڕەنگدا ڕێكەوتی یەكترمان ئەكرد. زۆر بە قایمی پەیوەست بووم بە تێكستەكەمەوە. تەواو ئەتمۆسفێری رۆمانەکە پڕی کردبووم پەیوەندیم لەگەڵ وشەکاندا زیندوو بوو، ئەگەر بمویستایە قسەیان لەگەڵ بكەم ئەگەڕامەوە بۆ ناو تێكستەكەو توڕەیی و چێژی خۆم دائەباراند بە سەریاندا. ھەموو رۆژێک زیاتر لە چوار سەعات دەمنوسی، ھەتا تەواوبوونی رۆمانەکە، بەبێ ئەوەی رۆژێک پشووبدەم. من لە شتێك زۆر دڵنیابووم ئەویش ئەوە بوو بێ جەمسەرگیری ئەو دوو هێزە هەموو شتێك نامومكین بوو! نووسین فێڵێكە بۆ دواخستنی خۆكوشتن. ڕۆمان وەك ئیسفنجێك وایە هەموو ژانرەكانیتر هەڵئەمژێت.. وەك كۆگایەكی گەورەوایە پارچەو یەدەكی هەموو ژانرەكانیتر جێی دەبێتەوە لە ناویدا.

ئارام محەمەد کە یەکێک بوو لە دادوەرانی دیاریکردنی براوەی یەکەمی نووسیار بۆ ڕۆمان، بەشێک لە هۆکاری هەڵسەنگاندنی وەک باشترین دەخاتەڕوو دەڵێت:”(به‌ره‌و ڕێگه‌ی دره‌وشانه‌وە) کارێکی جیاواز و سەرنجکێش بوو بۆ من، هۆکارەکەیش پێوەندی بە باکگراوندی نووسەرەوە هەیە، کە بەشێوەیەکی ورد و شارەزایانە، لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا، بابەتێکی گرنگ و تەکنیکێکی سەرنجڕاکێشی بۆ تێکستەکە هەڵبژاردووە. نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌، کارێکی کردوە کە خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌، بكه‌وێته‌ ڕامان و بیركردنه‌وه‌، هەست بە جۆرێک مەستی بکات و بكه‌وێته‌ سۆراغی چه‌ند پرسیارێك، له‌هه‌مووی گرنگتر، ئه‌وه‌یه‌ له‌ پاڵ ترسناكی تراژیدیای مه‌رگ، هیوا و جوانیه‌ك هه‌یه‌، كه‌ مه‌رگ به‌س ونبوونی جه‌سته‌یه‌.”

کیاکسار ئەحمەد: لە دایکبوی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٦ چەندین چیرۆکی گێڕانەوەی لە سایتە کەلتورییەکان بڵاوکردۆتەوە. کاری ئامادەکردن و دەرهێننانی بەرنامەی دیکۆمێناتری کردووە.

وەشانی نووسیار ساڵانە کتێبی یەکەمی سێ دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی خەڵات دەکات لە بواری شیعر، چیرۆک و ڕۆمان. خەڵاتەکە بریتییە لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە براوەکان، پێدانی بڕوانامەی نووسیار لەگەڵ دیاری پارچە سیرامیکی قەڵغانی نووسیار.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا