پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەربوونەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد و بەڕای شارەزایان، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش بەهۆی شەڕە سەختەکەی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە چەند رۆژی رابردوودا.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، نەوتی خاوی برێنت 4 دۆلارو 18 سەنت چووە سەر نرخەکەی و هەر بەرمیلێک بە 88 دۆلارو 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. لە هەمانکاتدا، نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکیش بەرزبوونەوەیەکی گەورەی تۆمارکردوو و 4 دۆلار و 23 سەنت چووە سەر نرخەکەی، کە هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلارو 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا
هەفتەی رابردوو، بەهای نەوت گەورەترین داشکانی لە 7 مانگی رابردووی ئەمساڵدا بەخۆوە بینی، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی سوود و کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت.
رۆژی شەممە، چەکدارانی حەماس، گەورەترین هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئیسرائیل لە ماوەی دەیان ساڵدا دەستپێکرد و بە سەدان هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژران.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر غەززە ئەنجامدا.
شرۆڤەکارانی بانکی ANZ لە یاداشتێکدا بۆ کڕیارەکانیان دەڵێن: “زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت زیاتر بەرزتر دەکاتەوە و پێشبینی دەکرێت ناجێگیری زیاتر لە نرخەکاندا بەدی بکرێت.”
بەپێی پێشبینی شرۆڤەکارانی بواری نەوت، لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕەکەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەوا نرخی نەوت ناجێگیری زیاتر بەخۆوە دەبینێت و زیاتر بەرەو هەڵکشان دەچێت.