لە دهۆک کۆرۆنا بەرەو هەڵکشانە

پۆڵەتیک پرێس؛

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک، دەڵێت؛ حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دهۆک و دەوروبەری ڕوو لە هەڵکشانە و لایەنی کەم رۆژانە 250 تا 300 حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن.

 

دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچووە، بەڵام مەترسیدارە

 

حەمزە رەزیکی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پۆڵەتیک پرێس؛ دۆخی کۆرۆنا لەپارێزگای دهۆک ئاشکرادەکات و دەڵێت دۆخەکە ئاڵۆزەو تا دێت ژمارەی توشبووان ڕوو لە زیاد بوونە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستییان بە ژووری چاودێری چڕە زیاتر دەبن.

دەشڵێت؛ هێشتا دۆخەکە لەکۆنترۆڵ دەرنەچووە، چونکە تائێشتاش لە نەخۆشخانەکان شوێن هەیە، ئەوانەی کە نیشانەکانیان بە قورسی تێدایە و لە دۆخێکی خراپی تەندروستیدان دەیانهێڵینەوە، ئەوانەش کە بە ئاسانی پەتەکەیان گرتووە، دەیان نێرینە ماڵەوە بە مەرجی خۆپارێزی و تێکەڵ نەبوون بۆماوەی 14 ڕۆژ، بەڵام گەر  ڕێ لەم هەڵکشانە لەناکاوە نەگیرێت بێگومان دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار دەچێت.

 

کردنەوەی دەروازەی ئبراهیم خەلیل هۆکارە

 

حەمزە رەزیکی هۆکاری زیاد بوونی حاڵەتاکانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک بۆ کردنەوەی دەروازەی ئیبراهم خەلیل و پارێزگاکانی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەڕووی گەشتیاران و هاووڵاتیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت؛ ئەو هەنگاوە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ زیاد بوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە لایەکی دیکەش هاووڵاتیان خۆیان بە دوور گرتووە لە رێنماییەکانی خۆپارێزی و تێکەڵییەکی کۆمەڵایەتی زۆر هەیە.

وتەبێژەکەی تەندروستی دهۆک دەڵێت؛ چەند رۆژێکە ژمارەی توشبووان لە دهۆک بەرامبەر پارێزگاکانی دیکە ڕوو لە زیادبوونەو چەندە ژمارەی پشکنینەکان زیاد بن بە دڵنیای تۆماری حاڵەتی نویش زیاتر دەبن، کە رۆژانە لە 250 بۆ 300 حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن.

 

گەر بە گشتگیری لە هەرێمدا بۆ ماوەیەک قەدەغە ڕابگەیەنرێت کارێکی باشە

 

سەبارەت بە توندکردنەوەی ریکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان و ڕاگەیاندنی قدەغەی هاتووچۆ، حەمزە رەزیکی، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک، وتی؛ بەو پیێەی هەریمی کوردستان یەک بڕیاری تێدا دەدرێت ناتوانیین یەکلایەنە بریار لەسەر قەدەغەی هاتووچۆ بدەین، بەڵام گەر بە گشتگیری لە هەرێمدا بۆ ماوەیەک قەدەغە ڕابگەیەنرێت کارێکی باشە و بەسانایی کۆنترۆڵی دۆخی ئێستا دەکەین، ئێستاش هەڵمەتی هۆشیاری و خۆپاریزیمان دەستپیکردووە، بەردەوام رێنمایی و بەرچاوروونی دەدەینە هاووڵاتیان تا خۆپارێز بن و ڕێکارە تەندروستییەکان لەپێناو سەلامەتی گشتی پەیڕەو بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر بریارێک هەبوو بۆ ئەوانەی کە پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی و نەبەستنی ماسک نابن سزا بدرێن، گەر ئەم بڕیارە کارا بکرێت پاڵپشت بەو هەوڵ و هەڵمەتە هۆشیارییانەی ئەنجام دەدرێن دەتوانین وا بکەین بەر بە هەڵکشانی حاڵەتەکان بگرین دەشمانەوێت پشکنینی هاکەزایی بۆ هاووڵاتیان لەشوێنەگشتییەکان ئەنجام بدەین و خۆمان ئەو کەسانە بدۆزینەوە کە توشبووی کۆرۆنان و تێکەڵی خەڵک دەبن تا ناچاریان بکەین بە کەرەنتینە کردن.

 

یەدەگێکی باشی پلازما بوونی هەیە

 

بە وتەی حەمزە رەزیکی، تا ئێستا دۆخی نەخۆشخانەکان بەو ئاستە نەگەیشتووە کە جێگە نەمێنێت و لەو ڕووەوە کێشەیان بۆ بێتە پێش، چونکە جگە لە نەخۆشخانەی ئازادی چەند نەخۆشخانەیەکی دیکەش تایبەت کراون بەچارەسەری کۆرۆنا.

بەپێی راگەیانراوی ژمارە 220ی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە پارێزگای دهۆک ئامارەکان بەم جۆرە بوون ؛

پشكنین ١٨٣١٤٠
تووشبوون ١٣١٤١
چاكبوون٥٠٩٠
لەژێر چارەسەر٧٧٧٠
مردن٢٨١

حەمزەرەزیکی، سەبارەت بە بوونی پلازما و خەمخۆری هاووڵاتیان بۆ بەخشینی پلازما دەڵێت؛ رۆژانە ئەو هاووڵاتییانەی کۆرۆنایان تێپەراندووە سەردانی بانکی خوێن دەکەن و پلازما دەبەخشن بەو کەسانەی پێویستیانە، تا ئێستاشیەدەگێکی باشی پلازما بوونی هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەخشینی پلازمای خوێن لە زیادبووندایە و لەو رووەوە کێشەمان نییە، داخوزیشمان لە خەڵک ئەوەیە کە هەمووان هاوکار و هەماهەنگی یەک بین، تاک پارێزی و خۆ پارێزی ئەنجام بدەین و پەیڕەوی لە رێنماییە تەندروستییەکان بکەین تا تێپەراندنی ئەم دۆخە دژوارەی هەموو جیهانی گرتووەتەوە.

 

 

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا