پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
رۆژی دووشەممە 2_10_2023 بە ئامادەبوونی لیوا ركن عومەر صالح حسن سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزەكانی 70 و لیوا ركن بەختیار محەمەد صدیق ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی 70 و 80 كۆبوەنەوەیەكی باڵا لەنێوان شاندی هێزەكانی پێشمەرگە و شاندی هێزەكانی هاوپەیمان ئەنجام درا.
شاندی هێزەكانی هاوپەیمانان پێكهاتبوو لە كۆڵۆنێڵ مەكنیزی بەرپرسی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان و كۆڵۆنێڵ مایكڵ گاچێرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هاریكاری ئاسایش لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر.
بەگوێرەی راگەیەندراوی هێزەكانی 70 لە كۆبوەنەوەكەدا بەوردی دواین پێشهات و بەرەوپێشچونەكانی پرۆسەی یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كران، هەروەها بەرنامەو پلانی نوێی نێوان هەردوولا پەیوەست بە جێبەجێ كردنی تەواوی بڕگەو خاڵەكانی ئەو پرۆسەیە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، هەروەها هەڵسەنگاندنی مانگانەی بۆ لیژنەی پلان و پرۆگرامی دارایی بودجەو لیژنەكانی یاداشنامەی لێكتێگەیشتن بەڕێوەچوو، تێبینی و پێشنیارەكان لە نێوان هەردوولادا تاوتوێ كران.
لای خۆیەوەیە سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزەكانی 70 هەوڵ و هەنگاوەكانی هێزەكانی 70 ی پەیوەست بە جێبەجێكردنی بڕگە و خاڵەكانی پرسی ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەماوەی ڕابردوودا ڕون كردەوە، هەروەها پلان و بەرنامەی و پێشنیارەكانی هێزەكانی 70 ی پەیوەست بەو پرسەو چەند پرسێكی تری پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان خستە ڕوو.
لە كۆتایدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی پەیوەندیەكانی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان كردەوە، هەروەها هاوڕابون لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەپێناو جێبەجێ كردنی تەواوی ئەو پلان و بەرنامانەی كە لەئێستادا هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامانجیەتی جێبەجێیان بكات.