پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق، داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، لە رێگەی كارتی بانكییەوە دابەش بكرێت، چونكە ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی ناكۆكی سیاسی حكومەتی ناوەندی و هەرێمەوە موچەكانیان دوادەكەوێت.
فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتو و كۆمەڵ نوسراوێكیان ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد لە بارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و تێیدا هاتوە، ماوەی چەند ساڵیكە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت و پاشەكەوت دەكرێت و دوادەخرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، فەرمانبەرانی هەرێمیش لە چوارچێوەی حكومەتی ناوەندی هاوڵاتین، ماف و ئەركەكانیان لە دەستوری عێراقیدا سەپێنراوە، هەروەها لە دەستوردا یەكسانی هەمو پێكهاتەكانی عێراق دوپاتكراوەتەوە.
هاوكات داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن پۆلێنی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە ریزی فەرمانبەرانی عێراق، هەروەها داوا دەكەن دابەشكردنی موچەكانیان راستەوخۆ بە میكانیزمی گونجاو و خێرای هاوشێوەی كارتی بانكی بێت، تاوەكو لە رێگەی نوسینگەی بانكە عێراقییەكان لە هەرێم موچەكانیان لە كاتی خۆیدا دابەشبكرێت.