پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
کەمێک پێش ئێستا، بەزۆرینەی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە پێکدێت لە 68 ماددە، پەسندکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1-10-2023، لە پێنجەمین رۆژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، سەرجەم بڕگەو ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتی دەنگی لەسەردراو پەسند کران.
تەلار لەتیف، وتەبێژی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، “پاش پەسندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، هەر ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی دەستپێدەکات”.
ئەندامانی سەرکردایەتی پێکدێن لە سەرۆکێک [بافڵ تاڵەبانی] و 60 ئەندام. دەنگدانەکە بەشێوەی لیستی داخراو دەبێت و هەر ئەمڕۆ تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بڕیارە لە پاش کاتژمێر 3:00 هەڵبژێردرێت.
مەرجەکانی بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان:
لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا، کۆمەڵێک مەرج دەستنیشانکراون بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بەربژێردەکەن بۆ بوون بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. بەپێی رێنماییەکان، پێشکەشکار نابێت، هیچ پلەیەکی وەزیفی حکومەی وەک وەزیر، بریکاری وەزیر، و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بێت. هاوکات، دەبێت پێشکەشکار، تەمەنی لەسەروو 30 ساڵ بێت و خاوەنی هۆشیارییەکی سیاسی فراوان بێت. و ئەندامێکی دانەبڕاوی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بێت.
ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی یەکێتی:
هاوکات، جەعفەر شێخ مستەفا بەسکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەڵبژێردرا.
بەپێی ماددەی 54ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژوەندییە سیاسییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئۆرگانێكی باڵای یەكێتییە. ئەركی رێنماییكردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی تری یەکیتییە بۆ
سەرجەم بابەتە سیاسی وستراتیجییەكان، ئەندامانیان لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵاو بەرژەوەندییەكانی پێشوو و
هەروەها سەركردایەتییە پێشوەكانی یەكێتی پێكدێن. هەروەها ژمارەیان لەنێوان 9 بۆ 15 ئەندام دەبێت و راستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، سەرۆکایەتی دەکرێت.