پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی رایگەیاند، لە سێیەم رۆژی کۆنگرەو کۆتا رۆژدا، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵدەبژێردرێن.
تەلار لەتیف، وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، “دوێنێ لە دووەم رۆژی کۆنگرەدا، لیژنەکانی شەهیدان و زیندانیان و کەمئەندامان، پەیڕەو پرۆگرامەکانی خۆیان تەواو نەکردو و بڕیارە ئەمڕۆ دوای تەواو بوونی، پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن”.
بەپێی زانیارییەکانی پۆڵەتیک پرێس، ئەو ئەنجوومەنە پێک دێت لە 61 کەس و سەرۆک جێگری نابێت، بەراورد بە کۆنگرەی پێشوو، نزیکەی نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەمدەکرێتەوە.
هەروەها، ئەگەر ئەمڕۆ لەکاتی پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، دوو ئەنجوومەنی دیکەی نوێ لەناو پەیکەری رێکخستنەکانی یەکێتیدا هەڵدەبژێردرێت. ئەنجوومەنی باڵای بەرژوەندییە سیاسییەکان دەبێتە ئەنجوومەنی دانایان و راستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەنجوومەنەکە پێک دێت لە 21 ئەندام و سەرۆک و سکرتێرێک، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و رەفعەت عەبدووڵا بەربژێری سکرتێری ئەنجوومەنەکە دەبن.
دووەم ئەنجوومەن بریتی دەبێت لە ئەنجوومەنی پشتیوانیی یەکێتیی، ئەم ئەنجوومەنە هاوشێوەی ئەنجوومەنی ناوەندی خولی سێیەمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەبێت. کە ژمارەیان پێکدێت کە 100 ئەندام و هاوشێوەی ئەنجوومەنی دانایانی یەکێتی، لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێت و یەک سکرتێری بۆ دیاریدەکرێت.
پێکهێنەرەکانی ئەم ئەنجوومەنە بریتی دەبن لەو بەربژێرانەی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایتی دەرناچن و دەچنە ئەو ئەنجوومەنەوە.