پۆلیسی ھەولێر ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پۆلیسی ھەولێر ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆیەکی پۆلیسێک کە لە ڕێورەسمی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) بە شێوازێکی ناشایستە پەلاماری گەنجێک دەدات بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، ئەو پۆلیسە دەستبەسەرکراوە و ھاوڵاتییانی شارەکەمان دڵنیادەکەینەوە ھیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی ھەولێر

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتیی

سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە لە بارەی ئەو پۆلیسەی لە ڕێورەسمی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام پێشەوای مرۆڤایەتی و فەخری کائینات حەزرەتی محەمەدولمستەفا (دروودی خوای لەسەر بێت) لە سەر قەڵای ھەولێر بە شێوەیەکی ناشایستە مامەڵە لەگەڵ گەنجێک دەکات و پەلاماری دەدات، بەپێویستی دەزانیین بۆ ھەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە، لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتییانی شاری ھەولێری پایتەخت بە چالاکی و شێوازی جیاواز لەو ڕۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕی لە نێو سەنتەری شار، لە ھەمانکاتدا کۆمەڵێک گەنج لە سەر قەڵاتی ھەولێر بە ئەنجامدانی چەند کردار و ڕەفتارێکی ناشایستە ھاوڵاتیانیان ناڕەحەت و بێزارکردبووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودوخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە پۆلیس ڕەوانەی شوێنەکە کران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکان بەشێوازێکی ناشایستە پەلاماری یەکێک لە گەنجەکان درا، لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکھێنراوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ھاوڵاتییان و ھاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە ھیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر
28_9_2023

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا