پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆکی هەرێم، لە مەراسیمی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی وتارێکی پێشکەش کردوو و بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی ناوهێنا و ووتی” خۆشحاڵم لەم رۆژە گرنگە بەژداری لە رێورەسمی کردنەوەی کارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم و پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرە لە ئەندام و جەماوەری یەکێتی دەکەم”. هەروەها وتیشی، “هیوادارم کۆنگرەی یەکێتی بۆ دۆخی سیاسی کوردستان و عێراق، ئەنجامی باشی لێبکەوێتەوە”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ووتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند “لەم رۆژە گرنگەدا، بەوپەڕی رێزو شکۆوە خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەبیر دەهێنینەوە. یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، یادگاری سەرۆک مام جەلالە و دەبێت لەسەر هەمان گیان و بیر و ئاراستەی ئەو بۆ لێکتێگەیشتن و تەبایی و چارەسەری کێشەکان، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی لەسەر هەمان رێچکەی مام جەلال بەردەوام بێت”.
لە بەشێکی دیکەی ووتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێم ووتی، “یەکێتی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان ئەرکی پاراستنی تەبایی و کاری هاوبەشیان لەسەرشانە. بۆ ئەوەی ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزن”.
هاوکات راشیگەیاند، “بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و پاراستنی دەستکەوت و مافەکانی هەرێمی کوردستان، یەک رێگەمان لەبەردەمە ئەویش یەکگرتن و کارکردنی هاوبەشی نێوان هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستانە لێرە و لە بەغدا”.
سەرۆکی هەرێم جەختیکردەوە کە هێز و مانەوەی هەموومان لە یەکڕیزیماندایە، پێچەوانەکەشی لە زیانی هەرێمی کوردستانە. وتیشی “ئەو مەترسی و ئاڵنگارییانەی ئێستا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، ئەوە دەخوازێت کە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان هەموو ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن و بەیەک دەنگ و یەک رەنگ لە بەغدا دەربکەوین”.
سەرۆکی هەرێم جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کردەوە و ووتی، “هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە گفتوگۆو لێکتێگەیشتن و لەسەر بنەمای دەستوور کێشە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و نابێت مووچە و بوودجەی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت”.