پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پارێزگاری سلێمانی داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات، كارێك بكەن لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش بكرێت، چونكە نابێت ئیدارەیەك لە شوێنێك هەبێت و، چاودێری و بەدواداچوونی بەسەرەوە نەبێت.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، فەرمانبەرانی حكومەت وایان كردووە تائاستێكی زۆر باش خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەتەواوەتی نەوەستن، هیوادارین حكومەتی فیدراڵی پابەندبێت بەو بڕیار و بەڵێنانەی داویەتی و پارەی مووچەخۆران و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات بۆ ئەوەی بتوانین ئەم قۆناغە تێبپەڕێنین.
هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی: ئەو كارمەندانەی ماوەی 90 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و، كاریگەریی گەورەی لەسەر ژیان و بژێوییان كردووە؛ پێیان دەڵێم ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێت و قەرەبووی مووچەكانیان دەكرێتەوە و قەرزەكانیان وەردەگرنەوە، بەڵام ئەوەی قەرەبوو ناكرێتەوە، دواكەوتنی پرۆسەی خوێندن و مەرگی ئازیزانمانە كە بە هەر هۆكارێك بێت دەچنە نەخۆشخانە و ئەگەر كارمەندانی تەندروستی لێ نەبێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەمە لە پارێزگای سلێمانی رووینەداوە.
پارێزگاری سلێمانی هیوای خواست حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، بە زوویی بگەنە ئەنجامێك هەر ململانێیەكی سیاسی هەبێت، تێكەڵ بە مافی خەڵك و بودجەی گشتی نەكرێت و ئەو پرسە بەدەر لە هەموو تێڕوانین و ململانێیەكی سیاسی بێت.
لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش، هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەیوەندیی بە ئیدارەی پارێزگاكانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە دەسەڵاتی چاودێریكردن و بڕیاردان و بەدواداچوونەوە هەیە، لەكاتێكدا كە بارودۆخی پەرلەمانی كوردستان بەم شێوەیەی لێهاتووە، ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش وای لێبێت، دامودەزگای چاودێریكردن لە هەرێمی كوردستان لاواز دەبێت، بۆیە لێرەوە داوا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، كارێك بكەن لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش بكرێت، چونكە نابێ ئیدارەیەك لە شوێنێكدا هەبێت و چاودێری و بەدواداچوونی بەسەرەوە نەبێت.