پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو نزیکەی 5 هەزار دەفتەری پاسپۆرت دەگاتە پارێزگاکە و کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەر دەکرێت.
سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو 5 هەزار دەفتەری پاسپۆرت دەنێردرێت بۆ پارێزگای سلێمانی و هەوڵدەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، لەمەودوا هەفتانە دەفتەری پاسپۆرت بۆ تەواوی پارێزگاکانی هەرێم دەنێردرێت.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، “کۆمەڵێک کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە کە پەیوەستن بە رەگەزنامە و پاسپۆرت و هاوڵاتینامە و کارتی نیشتیمانی، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی عێراقمان کرد و وەزیری ناوخۆیی عێراق رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو گیروگرفتانەی پەیوەستن بەو بابەتانەوە”.
سروە محەمەد راشیگەیاند، “نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە سلێمانی کێشەیەکی گەورەی بۆ هاوڵاتییانی پارێزگاکە درووستکردووە و تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا نزیکەی 60 هەزار مامەڵەی پاسپۆرت بەتەواونەکراوی ماونەتەوە لەبەر نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت”.
بڕیارە لەمەودوا بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشەیە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ناوەندی عێراق، هەفتانە دەفتەری پاسپۆرت بنێرێت بۆ پارێزگاکانی هەرێم.