پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دانووستانەكانی سعودیە و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بەرێككەوتن بەكوێ گەشتووە؟
پرسی فەلەستین لەكوێی دانووستانەكانی ئیسرائیل و سعودیەدایە؟
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە نیگەرانی خۆی لە دەستگەیشتنی وڵاتان بە چەكی ئەتۆمی دەربڕی و وتی: جیهان نایەوێت هیرۆشیمایەكی دیكە ببینێتەوە.
ئەگەر ئێران چەكی ئەتۆمی دروست بكات و ببێتە خاوەنی ئەو چەكە، ئەوا سعوودیەش چەكی ئەتۆمی دروست دەكات
شازادەی جێنشینی سعوودیە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی رایگەیاند، ئەگەر ئێران چەكی ئەتۆمی دروست بكات و ببێتە خاوەنی ئەو چەكە، ئەوا سعوودیەش چەكی ئەتۆمی دروست دەكات.
محەمەد بن سەلمان وتی: ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە هەر وڵاتێك ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی. ئەوە كار و جووڵەیەكی خراپە، تۆ نابێت ببیتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی چونكە ناتوانی بەكاری بهێنیت.
شازادەی جێنشینی سعوودیە راشیگەیاند، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و هەر وڵاتێكیش ئەو چەكە بەكاربهێنێت، مانای وایە جەنگی لەگەڵ تەواوی جیهان هەڵگیرساندووە. گوتیشی: جیهان نایەوێت هێرۆشیمایەكی دیكە ببینێت.
شازادەی جێنشینی سعودیە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی فۆكس نیوزی ئەمریكی رایگەیاند: كە پرسی فەڵەستین بۆ شانشینی سعودیە گرنگە، بەشێكە لە پرۆسەكە و دەبێت چارەسەر بكرێت.
ڕوونیشیكردەوە، هەوڵێك هەیە لەلایەن ئیدارەی جۆبایدن سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی لەنێوان ئێمە و ئیسرائیل، بۆ ئێمە پرسی فەڵەستین زۆر گرنگە، پێویستە ئەم بەشە چارەسەر بكەین.
شازادەی جێنشینی سعوودیە وتی: دانوستانی باشمان هەیە بەردەوامە، هیوادارین بگەینە شوێنێك كە ژیانی فەلەستینییەكان ئاسان بكات.
پشتیوانی ئەمریكا
هاوكات ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، كۆشكی سپی بەتوندی پاڵپشتی هەنگاوەكانی بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل دەكات و ئەمەش تەركیزی كۆبوونەوەی نێوان جۆن بایدن سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بووە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆرك.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕوونیشیكردەوە، هەوڵەكانی سەركردایەتی ئەمریكا، چەقی دانوستانە ئاڵۆزەكانە كە بریتین لە گەرەنتی ئەمنییەكانی ئەمریكا و هاوكاری ئەتۆمی مەدەنی كە ڕیاز داوای دەكات، هەروەها ئیمتیازەكانی ئیسرائیل بۆ فەڵەستینییەكان.
ئاژانسەكە بە گێڕانەوەی بەرپرسێكی ئیدارەی بایدن زیادی كردووە، كە تێگەیشتووە كە هەندێك ئیمتیازات بە فەلەستینییەكان دەبێ بەشێك بن لە هەر ڕێككەوتنێك، بەڵام ناوبراو باسی هیچ وردەكارییەكی سەبارەت بەو ئیمتیازانە نەكردووە.
گەیشتن بە ئاشتییەكی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و سعودیە، ڕێگە خۆش دەكات بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری نەتانیاهۆوە ڕایگەیاندووە، گەیشتن بە ئاشتییەكی مێژوویی نێوان ئیسرائیل و سعودیە، ڕێگە خۆش دەكات بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان و گەیشتن بە ئاشتەوایی نێوان جیهانی ئیسلامی و ئەوەی ناوی لێنا “دەوڵەتی جوولەكەكان”.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، توانا گەورەكانی ئەو گرێبەستە ئەگەرییە وایكردووە ئەو دوو كەسە سەرەڕای جیاوازی نێوانیان یەكتر ببینن، چونكە ئەمە یەكەم كۆبوونەوەیە لە دوای گەڕانەوەی نەتانیاهۆ لە ساڵی 2022 بۆ دەسەڵات.
ئێران و ئەتۆم
لەلایەكی دیكەوە، لە میانی چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز، شازادە محەمەد بن سەلمان دەستی خستە سەر پرسی هەڵگرتنی چەكی ئەتۆمی، و ئاماژەی بەوەدا كە هەر وڵاتێك ئەم چەكە بەدەستبهێنێت بابەتێكی نیگەرانكەر و مەترسیدارە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر ئێران خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت، سعودیە ناچار دەبێت خاوەنی چەكی ئەتۆم بێت لە بەرامبەردا، بۆ پاراستنی وڵات.
شازادەی جێنشینی سعوودیە هەروەها وتی: شانشینی سعودیە خوازیاری سەركەوتنی هەوڵەكانە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ قەیرانی یەمەن، وتی: چارەسەركردنی قەیرانەكان لە یەمەن و لە ناوچەكەدا لە بەرژەوەندی شانشینی یەمەندایە و بەشدارە لە گەیشتن بە دیدگای ئابووری و سیاسی ئەو وڵاتە .