داواكاری گشتی توركیا بڕیارێك لەدژی ئۆجەلان دەردەكات

پۆڵەتیك پرێس:
داواكاری گشتی دەوڵەتی توركیا لە بورسا بە پاساوی پێشكەشكردنی “نەخشە رێگا”یەك لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجالان بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریداوە رێگری لەچاوپێكەوتنی نێوان ئۆجالان و پارێزەرەكانی بكات.

رێزان سەرێجا، پارەێزەر لەدەستەی پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بۆ ماوەی ٦ مانگ بڕیاری قەدەغەی چاوپێكەوتنی پارێزەران لەگەڵ عەبدولڵَا ئۆجالان، عومەر خەیری كۆنار، وەیسی ئاكتاش و حامیلی یڵدرم پەیڕەو دەكرێت‌و لقی ٢ی دادگای سزای بورسا لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ دا بڕیاریداوە چاوپێكەوتنی پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان بۆ ماوەی ٦ مانگ قەدەغە بكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پاساویان بۆ ئەو بڕیارە، بەپێی خاڵی ٥٩ی یاسا و بە بڕیاری ژمارە ٥٢٧٥ دەركراوە، بڕیارەكەش لەسەر داوای داواكاری گشتی كۆماری لە بورسا دەركراوە.

ئەو پارێزەرە باسی لەوەش كرد، سزای ژووری تاكە كەسی لە ساڵانی ٢٠٠٥ – ٢٠٠٩دا بۆ ئۆجالان و ٣ كەسی تر دەركراوە، هەروەها بڕیاری لیژنەی دیسیپلینی مافی مرۆڤ بەرانبەر بە “نەخشە رێگا” ییەكەی عەبدوڵا ئۆجالان، كە لە ساڵی ٢٠٠٩ پێشكەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای كردبوو.

رێزان سەرێجا، وتیشی: بەم بڕیارە قەغەدەكارییە، لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠١٦ەوە تائێستا ٥ جار بڕیاری قەدەغەكردنی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئۆجالان دەركراوەو لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە تائێستاش ١٠٨ جار داوای ئەنجامدانی چاوپێكەوتنمان كردووە، بەڵام هەموو ئەو داواكاریانە، لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە وەڵامیان نەدراوەتەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی یاسایی دەستەی پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان، رێزان سەرێجا باسی لەوەكرد، ئەوان وەك دەستەی پارێزەران داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیان كردووە لەلایەن داواكاری گشتی كۆماری لە بورسا، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

ئۆجالان لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠١١ەوە تا ٢ی ئایاری ٢٠١٩ رێگای پێنەدرا پارێزەرەكانی ببینێت، بەڵام بەهۆی چالاكییەكانی مانگرتن لە خواردن لە هەموو زیندانەكانی توركیادا، دەوڵەتی توركیا ناچار بوو لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩دا رێگا بە پارێزەرەكانی ئۆجالان بدات سەردانی بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا