زریانی دانیال كارەساتێكی گەورەی لە لیبیا لێکەوتەوە..پێشبینی دەكرێت گیانلەدەستدان 20 هەزار تێپەڕێنێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەلیك مەرسیت، وتەبێژی فەرمی سەنتەری فریاكەوتن و پاڵپشتی لە وەزارەتی تەندروستی لیبیا راگەیاند، تیمەكانی فریاكەوتن توانیان عەبدول عەزیز سەرقیوەی تەمەن بیست ساڵان ڕزگار بكەن كە بۆ ماوەی 96 كاتژمێر لە ژێر داروپەردوی داڕوخاوی خانووەكەیان لە شاری دێرنا، ماوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەنتەری پزیشكی و فریاكەوتن و پاڵپشتی وەزارەت زیاتر لە 6 نەخۆشخانەی مەیدانی دامەزراندووە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پزیشكی بۆ بریندارەكان.

دیارترین ئەو ناوچانەی كە لە ئێستادا تیمەكانی فریاگوزاری سەرقاڵی گەڕانن بریتین لە شارەكانی دێرنا، سۆسێ و شەهات

دیارترین ئەو ناوچانەی كە لە ئێستادا تیمەكانی فریاگوزاری سەرقاڵی گەڕانن بریتین لە شارەكانی دێرنا، سۆسێ و شەهات.
ئەو بەرپرسەی تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد، پێداویستی پزیشكی و پێداویستی پێویست بۆ چارەسەركردنی بریندارەكان لەبەردەستدایە، بەڵام بەربەست لە ئۆپەراسیۆنەكانی ڕزگاركردندا نەبوونی كەرەستەی لۆجستی پێشكەوتووە بۆ گەڕان بەدوای كەسانی بێسەروشوێندا.

ئەیمەن بەدر ئەندامی نوێنەرایەتی هەمیشەیی لیبیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە خەڵكی شاری دێرنەیە، بە سكای نیوزی راگەیاندووە، تا ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدان لە دێرنە گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت هەزار كەس، هەروەها ژمارەكان تا ئێستاش هەر كاتژمێرێك لە زیادبووندان .

عەبدول مونەئیم ئەل غایتی سەرۆكی شارەوانی دێرنە پێشبینی كردووە ژمارەی گیانلەدەستدان 20 هەزار كەس تێپەڕێنێت.
ئەو بۆ میدیاكان وتویەتی، دۆخەكە زۆر گەورە و سەرسوڕهێنەرە بۆ شاری دێرنە، ئێمە نەمانتوانی پێش بە زریان و گەردەلوولەكە بگرین و ڕووبەڕووی ببینەوە، تەنانەت ئەگەر تواناكان گەورە و پێشكەوتووش بونایە، كارەساتەكە ئەوەندە گەورەبوو نەیان دەتوانی رێگری لێبكەن.

زریانی دانیال لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست كاریگەرە و لە 10ی ئەیلوولدا لە ڕۆژهەڵاتی لیبیای دا و بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە شارەكانی بەنغازی، بەیدا، مەرج، سوسی و درنە.

هەزاران كەس لەو كارەساتەدا گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیكەش بێسەروشوێن بوون

دوای ڕوودانی لافاوەكە، حكوومەتی یەكێتیی نیشتمانیی لیبیا، بڵاویكردەوە كە هەزاران كەس لەو كارەساتەدا گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیكەش بێسەروشوێن بوون.

هاوكات بەهۆی لافاوەكەوە زیانێكی زۆر بەر شاری درنە كەوت و هەزاران ماڵ روخاون و هەزاران ئۆتۆمبێل كەوتونەتە ژێر داروپەرد و ناوەندەكانی تەندروستی و خوێندن و شارەوانی بەتەواوەتی وێران بوون.

لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆ لە حكومەتی ڕاسپێردراوی پەرلەمانی لیبیا، عیسام بوزریبە، بە كەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، تا ئێستا دوو هەزار و 958 تەرمی لێقەوماوانی لافاو دەرهێنراون، هەروەها لیژنەیەكی فریاكەوتنی باڵاتر پێكهێنراوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە چوارچێوەیەكی پەیوەندیداردا، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی كەشناسی جیهانی، پێتەری تالاس، لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتەكە دەسەڵاتێكی كەشناسی هەبوایە كە توانای دەركردنی هۆشداری هەبێت، دەكرا ئەم ژمارەیە لە قوربانییەكان كەم بكرێتەوە.

ڕوونیشیكردەوە، “لافاو ڕوویداوە و هیچ چۆڵكردنێك ڕووی نەداوە بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی گونجاو”، ئاماژەی بەوەشكرد، بە چۆڵكردن ژمارەی قوربانیان زۆر كەمدەبووەوە.

بودجەیەك بە بەهای دوو ملیار دۆلار پەسەندكراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی لافاوەكە

بەگوێرەی ئاژانس فرانس پرێس، سەنتەری نیشتمانی كەشناسی لە لیبیا 72 كاتژمێر پێش گەیشتنی زریانەكە هۆشداری پێشوەختەی سەبارەت بە بارودۆخی كەشوهەوا دەركردووە، هەروەها لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە دەسەڵاتدارانی حكومەتی ئاگاداركردۆتەوە، داوای ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەكەن، بەڵام ڕێكخراوی كەشناسی جیهانی ڕایگەیاندووە، “تا ئێستا ڕوون نییە ئایا (هۆشدارییەكان) بە شێوەیەكی كاریگەر بڵاوكراونەتەوە یان نا”.

وتەبێژی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا ڕایگەیاند، بودجەیەك بە بەهای دوو ملیار دۆلار پەسەندكراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی لافاوەكە، هەروەها لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، هەماهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندی هەیە بۆ دابینكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دەرئەنجامەكانی كارەساتەكە دابین دەكرێت.

لای خۆیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان بانگەوازێكی بۆ خێرخوازان دەستپێكرد بۆ دابینكردنی زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار بۆ دابینكردنی بەپەلەترین پێداویستییەكانی ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا