پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەپێی هەواڵێکی پێگەی بلوومبێرگ، ئیدارەی جۆ بایدن رازیبووە بە رێگەدان بە ئازادکردنی شەش ملیار دۆلاری داهاتی نەوتیی بۆ ئێران لەچوارچێوەی هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشبردنی رێککەوتنی نهێنی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ئاڵۆگۆڕکردنی 5 هاوڵاتییە دەستگیرکراوەکانی یەکتر.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ رۆژی دووشەممە، کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە کە رێگەپێدانێک بۆ بانکەکانی ئەڵمانیا، ئیرلەندا، قەتەڕ، کۆریای باشوور و سویرا دەربکەن ئەو شەش ملیار دۆلارە لە کۆریای باشوورەوە بگوازنەوە بۆ ئێران.
ئەنتۆنی بلینکن دڵنیایی داوەتە ئەو بانکانە، کە دەتوانن بێ ترس لە سەرپێچی کردنی هیچ یاسایەکی ئەمریک ئەو پارانە رادەستی ئێران بکەنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو شەش ملیار دۆلارە لە هەژمارێکی تایبەت لە بانکی قەتەڕدا دەهێڵدرێتەوە و تەنها بە مەبەستی ‘بازرگانی مرۆیی’ رێگە بە ئێران دەدرێت مامەڵەی پێوەبکات.
رێگەپێدانەکەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا واژۆی لەسەر هەڵگرتنی سزاکان کرد. ئەمەش دوای مانگێک لە بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران رایانگەیاندبوو رێککەوتنێک لە ئارادایە.
بەپێی هەواڵێکی ئەسۆشێتد پرێس، تا رۆژی دووشەممە، واتە دوێنێ 11ی ئەیلوول کۆنگرێس لە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکە ئاگادار نەکراوەتەوە.
بڕیارە لەگەڵ ئازادکردنی ئەو شەش ملیار دۆلارە، ئەمریکا 5 هاوڵاتیی ئێرانیش ئازاد بکات کە لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەدا هاتووە کە دراوە بە کۆنگرێس، بەبێ ئەوەی ناوی زیندانیکراوەکان بهێندرێت.
مانگی رابردوو، بە نێوەندگیری قەتەڕ و عومان و سویسرا، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا لەبارەی ئازادکردنی دیلەکانی یەکتر گەیشتنە رێککەوتن و ئێران رازیبووە بەرامبەر بە ئازادکردنی ئەو 6 ملیار دۆلارەی لە کۆریای باشور بلۆککراوە، هاوڵاتییە ئێرانییە بەرەگەز ئەمریکییەکان ئازادبکات.