چەند وێستگەیەكی گرنگی ژیانی مام جەلال

پۆڵەتیك پرێس

پاشنیوەڕۆی رۆژی 3-10-2017 لە وڵاتی ئەڵمانیا مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆچی دوایی كرد.

مام جەلال یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق و سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، رۆژی 17-12-2012 بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە لە بەغداوە رەوانەی ئەڵمانیا كرا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشیكی، بەداخەوە رۆژی 3-10-2017 كۆچیی دوایی كرد.

چەند وێستگەیەكی گرنگی ژیانی مام جەلال

مام جەلال كوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غە فوور، هاوینی ساڵی 1933 (هەندێك سەرچاوە دەڵێن 1932 ) لە گوندی (كەلكان)ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لەدایكبووە، چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووە و دواتر باوكی بووە بەرێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە، لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك لێهاتوو بووە.


وێستگە سیاسییەكانی ژیانی مام جەلال:

لە ساڵی 1946 دا دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16/ی ئابی 1946 كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.

ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموكراتی كوردو چالاك و لێهاتوو بوو لەو ئەرك و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.

ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف (حقوق) لە بەغدا كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.

لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردراو لەهەمان ساڵیشدا یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عیراقی.

ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

ساڵی 1959 جارێكیتر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

لە ئەیلولی 1961 دا كە شۆڕ‌ش هەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕ‌شی لە چەمی رێزان كردەوە و سەرپەرشتی كردو فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێكی گەورە، ئەوە بوو كرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.


لە 1-6-1975 لە دیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتیی نیشتمانی كوردستانی دامەزراندو نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا كە لە 01/ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنراو بووە سكرتێری گشتی یەكێتی.

دوای ئازادكردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردراو لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كردو لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕ‌اندنی كاروباری حوكم نیشاندا.

لە 06/ نیسانی 2005 مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بەدەستهێناو بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا.

لەساڵی 2005 تا ساڵی 2014 بۆ دوو خول وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردراوە، لەو ماوەدا عێراقی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسییەوە زۆر بردە پێشەوە.


لە 17-12-2012 لە بەغدا توشی جەڵدەی مێشك بوو، پاشان بۆ چارەسەر گەیەنرایە نەخۆشخانەیەك لە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەك بە تەندروستیەكی باشەوە گەڕایەوە شاری سلێمانی.

لەو كاتەشەوە تا كۆچی دوایی كرد، چەند جارێك بۆ مەبەستی چارەسەر سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كردو لەرۆژی 3-10-2017 دڵە گەروەكەی لە لێدان كەوتوو و بۆدواجار ماڵئاوایی لە خەبات و نیشتمان كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا