پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دوای تێپەربوونی چوار هەفتە بەسەر رووداوی هێرشكردنە سەر مەزارگەی شاهچراغ لە شاری شیرازی ئێران، رۆژی یەك شەممە یەكەمین دانیشتنی دادگاییكردنی سێ تۆمەتباری سەرەكیی هێرشەكە لە شاری شیراز بەڕێوەچوو. تۆمەتباری سەرەكیی دۆسیەكە، رەحمەتوڵڵا نورۆزۆڤ، بە ناسناوی ئەسلەم یار، كە خەڵكی تاجیكستانە، بە “دژایەتی خوا” و” گەندەڵیی لەسەر زەوی” تۆمەتبار كراوە كە بە پێی یاساكانی ئێران، سزای لەسێدارەدانی لەسەرە.
ئاژانسی میزان، كە میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، رۆژی یەكشەممە، 10ی ئەیلوولی 2023، رایگەیاند، یەكەمین كۆبوونەوەی دادگاییكردنی سێ تۆمەتباری سەرەكیی هێرشەكەی مانگی رابردووی شاری شیراز لە لقی یەكەمی دادگای شۆرشی ئەو شارە بە سەرۆكایەتی دادوەر مەحموود ساداتی بەڕێوەچوو.
شیرازیان، نوێنەری داواكاری گشتیی شیراز لە دانیشتنی دادگا، تۆمەتباری سەرەكیی دۆسیەكە، رەحمەتوڵڵا نوورۆزۆڤ كە خەڵكی تاجیكستانە، بە “دژایەتی خوا، گەندەڵیی لەسەر زەوی و ئەندامێتی لە گرووپی تیرۆریستی داعش بە ئامانجی تێكدانی ئاسایشی ئێران” تۆمەتبار كرد، كە بە پێی یاساكانی ئێران، سزای ئەو تاوانانە لەسێدارەدانە.
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە، 13-08-2023، لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی ئێران، چەكدارێك هێرشیكردە سەر مەزارگەی شاهچراغ و تەقەی لە كارمەندان و زیارەتكارانی مەزارگەكە كرد و لە ئەنجامدا كەسێك كوژرا و هەشت كەسیش بریندار بوون. دواتر یەكێك لە بریندارەكان گیانی لەدەستدا.