پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تاران لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هیوا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەبوون، پەرەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێم و بەتایبەت یەكێتی و كۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لێكرایەوە و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگیی كەلتووری گفتوگۆی لەبارەوەكرا.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ستایشی رۆڵی سەرۆك مام جەلالی كرد لە بونیادنانی عێراقی نوێ و پاراستنی تەبایی و پێكەوەژیان لەنێوان نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكاندا. وتیشی، یاد و یادەوەریی سەرۆك مام جەلال هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ئێستاش یەكێتی بەهەمان رۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە تەندروستە دەدات، كە بێگومان هێزێكی كاریگەرە و رۆڵێكی گرنگی هەیە لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا.
لەدرێژەی دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە كرد و رایگەیاند، هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەكاندا بەردەوامە، هیوادارم هەموومان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا هەنگاوبنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە كاری لەپێشینەمان بێت.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و پەیوەندییەكانی حزبەكە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، یەكێتی بە ئیرادەیەكی بەهێز و سەربەخۆوە درێژە بە هەمان سیاسەتی هاوسەنگ و حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال دەدات و دەمانەوێت خزمەتی گەلی خۆمان بكەین. بڕواشمان وایە دەتوانین لەگەڵ دۆستەكانمان هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و پێكەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكاندا هەنگاوبنێین، پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ شیعە و كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەو چوارچێوەیەدایە.