پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ساڵانە لەوەرزی هاویندا و لەگەڵ زیاتر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، نەخۆشیی کۆلێرا بەشێوەیەکی زۆر و خێرا بڵاودەبێتەوە و هەموو تەمەن و ڕەگەزەکان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە.
نەخۆشیی کۆلێرا چییە؟
کولێرا نەخۆشییەکى بەکتریاییە، واتە بەهۆى جۆریک بەکتریاوە بڵاودەبێتەوە، کەتوشى مرۆڤ دەبێت، لەڕێگەى چونە ژوورەوەى بەکتریای ((Vibrio -cholera)) بۆناو گەدە و ڕیخۆڵەکان (کۆئەندامى هەرس)، بەشێوەیەکى کتوپڕ مرۆڤ توشی سکچون و ڕشانەوەیەکى زۆر توند دەبێت. کە دەبنە هۆى لەدەستدانى بڕێکى زۆرى ئاو و خوێی لەش، ئەوەش هۆکارێکە بۆ لاوازى لەکارى گورچیلەکاندا، کتوپڕ لەدەستدانى ئەم بڕە زۆرەى ئاو و خوێی لەش ئەگەر بەخێرایی لەڕێگەی دەم و دەمارەوە قەرەبوو نەکرێتەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان و مردن.
نەخۆشیی کۆلێرا، یەکێکە لەو نەخۆشییانەی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە و گەشەی لە دوو کاتژمێرەوە تا پێنج ڕۆژە، هەروەها ئەو جۆرە بەکتریایە بۆماوەیەکی دوورودرێژ لە ئاوی پیس و شوێنە شێدارەکاندا دەمێنێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی مەرج نییە هەموو کەسێک نیشانەکانی تێدادەرکەوێت یان نیشانەکان قورس بن، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی تووشی بەکتریاکە دەبن نیشانەکانی کۆلێرایان لێدەرناکەوێت، ئەوانەشی نیشانەکانیان تێدادەردەکەوێت سووک یان مامناوەندن، بۆیە پێویستە لەگەڵ درک پێکردنی نیشانەکانی ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکرێت، چونکە تەنها لەڕێگای پشکنینی پیساییەوە دەتوانرێت نەخۆشی کۆلێرا دەستنیشانبکرێت.
نەخۆشییەکە چەند ڕێگایەکی بۆ گواستنەوە هەیە وەک، خواردن و خواردنەوەیەك، کە پیسبووبێت بەم میکرۆب یان بەکتریایە، پیسبوونى ئاوى خواردنەوە بە پاشەڕۆى مرۆڤ، کە لە میكرۆبی جۆراوجۆر پێکهاتووە، چوونە ژوورەوەى بەکتریاکە راستەوخۆ لە رێگەى بەکارهێنانى شتى پیس بۆ ناو دەم، گواستنەوەی لە ڕێگەی مێشوولەوە، لە شوێنێکی پیسبووەوە بۆ کەلوپەل و خۆراك.
هۆکارەکانی توشبوون بە کۆلێرا:
ھۆکاری تووشبوون، بەکتریایەکە پێی ئەوترێت” Vibrio cholerae”، کە ئەم بەکتریایە ژەھرێک لە ناو ڕیخۆڵەی تووشبوو دروست ئەکات و ئەم ژەھرە ئەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی خێرایی ئاو و کانزاکانی جەستە، و دوو هۆکاری سەرەکی هەیە ئەوانیش:
– سەرەکیرترین ھۆکاری تووشبوون بریتییە لە خواردنەوەی ئاوی پیسبوو، کە دەبێتە ھۆی خێرا بڵاوبوونەوەی، ناتوانرێت بوترێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ناگوێزرێتەوە بەڵام ئەتوانرێت بوترێت گواستنەوەی ڕاستەوخۆ قورسە، چونکە ئەو بەکتریایە لە پاشەڕۆدا بوونی ھەیە.
-ھۆکارێکی دیکەی تووشبوون بریتییە لە خواردنی کاڵی دەریایی و سەوزە و میوەی نەشۆردراوە یان جوان نەشۆردرێنەوە.
نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە چین؟
بەشێکی زۆر ئەو کەسانەی تووشی کۆلێرا دەبن راستەوخۆ هەست بە نیشانەکان ناکەن، هەرەوەها کاریگەرییەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، هەیە تاڕادەیەک سووکە و هەیە بە قورسی دەیگرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەم نیشانانە دەردەکەون:
–سکچوون، بە ھۆی کۆلێراوە لە ناکاو دێت و لە ماوەیەکی کورت دوای دەرکەوتنی نیشانەی سکچوون ڕێژەیەکی زۆر ئاو لەجەستەدا کەم دەکات، بەشێوەیەک بۆ ھەر کاتژمێرێک نزیکەی لیترێک لە ئاو کەم ئەکات لەجەستەدا.
– ھێڵنج و ڕشانەوە، بە تایبەت لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکان، ئەو ڕشانەوەیە لەوانەیە بۆ چەند کاتژمێری سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکان بوونی ھەبێت.
-وشکبوونەوەی لەش بەھۆی کەمبوونەوەی ئاو لەجەستەدا، ئەگەر کەسێک %10یان زیاتری کێشی لەش ئاو لە جەستەی کەم بکات بە وشکبوونەوەی مەترسیدار دادەنرێت، نیشانەکانی وشکبوونەوەیش بریتین لە، وشکبوونی پێست، لێو، تینوێتی، ھەست بە بێھێزیکردن و ڕەش بوونەوەی پێستی ژێر چاو.
جگە لەوانەش کە وشکبوونەوە ڕوودەدات، ھاوسەنگی کانزاکان دروست دەبێت، کە دەبێتە ھۆی تەشەنوجاتێکی زۆر لە ماسولکەکان بەھۆی خێرا دابەزینی کانزای کلۆر و سۆدیۆم و پۆتاسیۆم لەجەستەدا.
ھەروەھا دابەزینی فشاری خوێن و ئۆکسجینی خوێن، ئەگەر ئەمەیان خێرا چارەسەر نەکرێت مەترسیدارە.
ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کۆلێرا:
– خواردنەوەی رێژەیەکی زۆر شلەمەنی، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی جەستە لەدەستیداوە.
– خواردنی شلەمەنی و سووپ و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان.
– پێدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، بە تایبەت دەرمانی دژە زیندەگی (anti biotic).
– ئەگەر حاڵەتەکە قورس و توندبوو ئەوا پێویستی بە پێدانی ئاوی کانزای پزیشکی(مغذی) هەیە لەڕێگای دەمارەوە.
ڕێگاکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا:
یەکەم: بۆ ئەو کەسانەی تووشی کۆلێرا بوون:
– جیاکردنەوەی کەسانی تووشبوو، لە ئەندامانی دیکەی خێران.
-پاککردنەوەی کەلوپەلی نەخۆشەکە و ئەو جلوبەرگانەی بەکاریدەهێنێت.
– لابردنی پاشماوەکانی نەخۆشەکە، بەشێوەیەکی تەندروست.
دووەم: بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە نەبوون:
– گرنگیدان بە پاکوخاوێنی.
– دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە و کوڵاندنی ئاو پێش بەکارهێنانی.
– خۆپاراستن لە سەوزەیەك کە گومانی لێبکرێت پیسبووبێت.
– بەکارنەهێنانی خواردن و خواردنەوەی سەردانەپۆشراو و دەستگێڕ و عارەبانەکان.
– زوو دەستشۆردن بە ئاو و سابوون، بە تایبەت دوای دەرچوون لە تەوالێت و پێش ناخواردن.
هاوکات، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم، لەبارەی ئاماری پەتای کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تائێستا 117 حاڵەتی توشبوون بە پەتای کۆلێرا لە سلێمانی و 10 حاڵەتیش لە هەولێر پشتڕاستکراوەتەوە و لەوانەیە ژمارەی توشبووان لەوەش زیاتر بێت، بەو پێیەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵگری ئەو جۆرە بەکتریایەن، کە دەبێتە هۆی نەخۆشی کۆلێرا و سەرچاوەی ئەو بەکتریایەش بەزۆری لەناو ئاودا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو ژمارەیە هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان تۆمارنەکراوە.
ئاماژەی بەوەکرد، پاش ئەنجامدانی توێژینەوە لە هۆکارەکانی نەخۆشییەکە، دەرکەوتووە کە هۆکاری سەرەکی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا، سەرچاوەی ئاوی پیس، سەوزەوات و هەندێک لە خواردنەوەکانە. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانیش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، بەردەوام ژمارەیەک رێنمایی بڵاودەکاتەوە و پشکنین بۆ ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە رێستۆرانت و خواردنگەکان ئامادەکراوە و هەروەها سەرچاوەی ئاودێری ئەو سەوزەواتانە ئەنجام دەدات.