پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، 117 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراوە و بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان تۆمارنەکراوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لەوانەیە ژمارەی توشبووان بە نەخۆشی کۆلێرا زیاتربێت، بەو پێیەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵگری ئەو جۆرە بەکتریایەن کە دەبێتە هۆی نەخۆشی کۆلێرا، ئاشکراشیکرد، کە سەرچاوەی ئەو بەکتریایە بەزۆری لەناو ئاودا هەیە.
وەزیری تەندروستی دەشڵێت، پێشبینی دەکرا نەخۆشی کۆلێرا بڵاوببێتەوە و پێشوەختە نوسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
وتیشی، پاش ئەنجامدانی توێژینەوە و دیراسەکردنی هۆکارەکانی نەخۆشییەکە، دەرکەوتووە کە هۆکاری سەرەکی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا، سەرچاوەی ئاوی پیس، سەوزەوات و هەندێک لە خواردنەوەکانە. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانیش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، ژمارەیەک رێنمایی بڵاودەکاتەوە و ئەو خواردن و خواردنەوانە لە رێستۆرانت و خواردنگەکان کراوە و پشکینین بۆ شوێن و سەرچاوەی ئاودێری ئەو سەوزەواتانە ئەنجام داوە.
کۆلێرا نەخۆشییەکە کە بەشێوەی پەتا بڵاودەبێتەوە و هۆکارەکەی بەکتریایەکە بەناوی ‘ڤایبرۆ کۆلێرا’ و لە رێگەی ئاو و خواردنی پیس بۆ مرۆڤەکان دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا:
تەندروستی سلێمانی دەڵێت، هەندێک لە نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا بریتین لە؛ سکچوون، دڵ تێکچوون و رشانەوە، وشکبوونەوە، تینوویەتی زۆر و ئازاری سک و سنگ.
هەروەها، تەندروستی سلێمانی رێنمایی هاوڵاتییان دەکات بۆ خۆپاراستن لە توشبوون بە پەتای کۆلێرا ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکەن:
1- شۆردنی دەستەکان لەپێش ئامادەکردن نان و پاش نانخواردن و بەشێوەیەکی بەردەوام بە گشتی
2- خۆپاراستن لە کەسانی توشبوو بە نەخۆشییەکە
3- کۆکردنەوەی پاشەڕۆکان لە کیسی داخراودا و دانانی لە شوێنی تایبەت
4- خواردنەوەی ئاوی پاکژ (ئاوی کانزایی)
5- شۆردنەوەی رێکوپێکی سەوزە و میوەکان لەپێش نانخواردن و ئامادەکردنی ژەمە خۆراکییەکان.