پۆڵەتیك: سپۆڕت
ڕاپۆرتە هەواڵەكان لە ئیسپانیاوە باس لەوە دەكەن كە یانەی بەرشەلۆنەی كەتەلۆنی هەوڵی فرۆشتنی بەرگریكارێكی دەكات پێش داخستنی دەرگای گواستنەوەی یاریزان لە میركاتۆی هاوینەدا.
ڕۆژنامەی Sport ی كەتەلۆنی لە ڕاپۆرتە هەواڵێكدا ئاشكرای كردووە: 4 یانەی ئەوروپا چاویان لە سەر ساموێل ئۆمتێتی بەرگریكاری فەڕەنسی یانەی بەرشەلۆنەیە و دەخوازن پەلكێشی لای خۆیانی بكەن لە نێوان خواستن و كڕیندا بەرشەلۆنە دەیەوێت یاریزانە تەمەن 27 ساڵەكەی لە كۆڵ ببێتەوە كە بە هۆی پێكانەوە لە پێكهاتەی سەرەكی بەرشەلۆنە دووركەوتەوە و ئێستاش بە تەواوەتی لە پلانەكانی ڕۆناڵد كومانی ڕاهێنەری یانەكەدا نەماوە.
بە پێی ڕۆژنامەكە: یانەكانی ڕۆما و ناپۆلی لە ئیتاڵیا و ئۆلمپیك لیۆن و ستاد ڕیم لە فەڕەنسا خوازیاری ئەوەن ئۆمتێتی بگوازنەوە تا یانە كەتەلۆنییەكە بتوانێت بە پارەی ئەو و چەند یاریزانێكی تر كە دەیانفرۆشێت ئەریك گارسیا لە یانەی مانچستەر سیتییەوە بگوازێتەوە ڕیزەكانی.
لە كۆتاییشدا ڕۆژنامەكە ئەوەی بڵاو كردۆتەوە: بەرشەلۆنە دەیەوێت ئەو بەرگیكارەی بە فرۆشتن لە كۆڵ ببێتەوە و نایەوێت بە خواستن بە هیچ كام لەو یانانەی بدات كە دەخوازن پەلكێشی ڕیزەكانیانی بكەن.
دانەر ئەسڵان