پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئەیلوولی 2023، فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی سەبارەت بە دۆخی کەرکووک و دواین پێشهاتەکانی ئەو شارە بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، هاوڵاتیانی شاری کەرکوکی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە بەهەموو توانایەکمانەوە بەرگری پەرلەمانیی و دەستوری لە هاوڵاتیانی خۆمان دەکەین و رووبەرووی هەموو ئەوانە دەبینەوە کە ستەم لەخەڵکی کەرکوک دەکەن و یاری بە ئاسایش و ئۆقرەیی کەرکوک و ژیانی دانیشتوانەکەی دەکەن.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا هاتووە، دوای دەیان ساڵ لە ستەم و نەهامەتیی،کەرکوک شایستەی خزمەتکردن و قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و سڕینەوە ئاسەواری زوڵم و کارە چەوتەکانی رابردووە، نەک قووڵکردنەوەی کێشەکان و لەبەر دارو پەردووی بینای بارەگایەک شارەکە بکرێتەوە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و خۆشکردنی زەمینەی ئاژاوە.
هاوکات فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی ئیتحادی دەکەین، لەئاست دۆخی کەرکوک هەنگاوی دەستوری جددی بنێن و رێگە نەدرێ خەڵکی کەرکوک ببنە قوربانی ململانێی تەسکی حزبی و موزایدەی بێناوەرۆکی سیاسی و هەرچی زووە جڵەوی ئەو هێز و لایەنانە بکەن،کە بێباکن لە ئارامی کەرکوک و ژیانی دانیشتوانەکەی.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، پەیامی هاوخەمیمان دەنێرین بۆ کەسوکاری شەهیدەکان و لەخوای گەورەش داوای شیفا بۆ بریندارەکان دەکەین.
راگەیاندنی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی