پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە وڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەمڕۆ 1ی ئەیلولی 2023، پەیامێکی لەبارەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد.
هەروها دەشڵێت، ێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات، جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەرشوێنێکی جیھان بێت.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
ھەڤاڵە سەربەرزەکانم
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە ٢٦ ھەزار شەھید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داھاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر.یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەھێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش ھەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و ھاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە ھەوڵ بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم، بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.
ھەروەھا جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەھەرشوێنێکی جیھان بێت.
خوشک و براکانم
ھەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان ھەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەھێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و ھەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە ھەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان ھەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و ھەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.
خۆشەویستان
مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان ھێندە زێڕینە کە ھیچ ھێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش ھێز و کاریگەریی یەکێتی لە ھەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای ھەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەھێزیی یەکێتی واتە بەھێزیی ھەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت ھەموو ھەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوێکتان ھاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت.
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر
ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بوو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی ھەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر ھەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین.
ھەڤاڵان
ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا ھەڵگرتووە و بەھیواوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەھێزتر و نوێگەر ھەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەھیدان دەنووسینەوە.
شاد و سەرفرازبن