پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەكەی لە 14 ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆمێكی مێژوویی سەبارەت بە مافەكانی دانیشتووانە رەسەنەكەی ئەنجامدەدات، بە ئامانجی هێنانی دەنگی پێویست، هاوكات بەپێی راپرسییەكان ئەم پڕۆژەیە وڵاتەكە دابەش دەكات و رووبەڕووی مەترسی رەتكردنەوە دەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 30_8_2023، ئەنتۆنی ئەلبانیزی، رایگەیاند: لەم رۆژەدا هەموو ئوسترالییەك دەرفەتێكی ناوازەی بۆ دەڕەخسێت بۆ یەكخستنی وڵاتەكەمان و گۆڕینی بۆ باشتر. ئاماژەی بەوەشكرد، داوا لە هەموو ئوسترالییەكان دەكەم دەنگ بە بەڵێ بدەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئەگەر پڕۆژەكە كە چەند مانگێك لەمەوبەر دەستیپێكردووە، پەسەند بكرێت، ئەوا خەڵكی رەسەنی ئوسترالیا كە باپیرانیان لانیكەم 60 هەزار ساڵە لەم كیشوەرەدا ژیاون، بۆ یەكەمجار لە دەستووردا دانیان پێدا دەنرێت و مافی ئەوەیان دەبێت كە راوێژیان لەگەڵدا بكرێت.
هاوكات راپرسییەكان دەریدەخەن كە ئەوانەی دەنگ بە “بەڵێ” دەدەن لە ئێستادا زۆرینە پێكناهێنن و هەندێكیش ترسیان لەوە هەیە كە شكستی ریفراندۆمەكە كۆمەڵگەی ئوسترالیا دابەش بكات و ناوبانگی وڵاتەكە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەكەدار بكات.