پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو، چەند پێشنیازێك دەدەنە توركیا. داواشی لەو وڵاتە كرد كە زانیارییان پێبدەن لەبارەی بڕی بەردانەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات.
رۆژی 30ی ئابی 2023 دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق لە بەغدا لەگەڵ فەیسەڵ ئۆغلو، نێردەی سەرۆكی توركیا بۆ كاروباری ئاو كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، لەو كۆبوونەوەیەدا دكتۆر لەتیف رەشید رایگەیاندووە، عێراق چەند پێشنیازێك دەداتە توركیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو، بەمەبەستی تاوتوێكردن، رێككەوتن و گەیشتن بە ئەنجامی كۆتایی كە مایەی جێبەجێكردن بێت لەبارەی پشكی ئاوی عێراق لە ئاوی ئەو رووبارانەی كە لە توركیاوە دەڕژێنە ناو عێراقەوە.
سەرۆككۆماری عێراق بەگرنگی زانیوە توركیا پلانی بەردانەوەی ئاو و زانیاری لەبارەی بڕی بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات بدەنە عێراق.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، بڕی ئاوی هاتوو لە توركیاوە بۆ هەردوو رووباری دیجلە و فورات كەمترە لە نیوەی بڕی پێویست، كە دەبێت بۆ هەریەكەیان 500 مەتر سێجا بێت لە چركەیەكدا.
فەیسەڵ ئۆغلو، نێردەی سەرۆكی توركیا بۆ كاروباری ئاو ئاماژەی بەوەداوە، وڵاتەكەی خوازیاری هاریكاریی بەرهەمدارە لە پرسی ئاو و گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی ئەرێنی، كە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا بكات.