پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، مالیزیا بڕیاریداوە لە بەغدا باڵیۆزخانەی خۆی بکاتەوە و لەبارەی پێدانی ڤیزاوە ئاسانکاری بۆ عێراقییەکان بکات.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا مالیزییەکەی ڕایگەیاند، دەیانەوێت وەک دەوڵەتیکی فیدڕاڵی پێشکەوتوو سوود لە ئەزموونی سیاسی مالیزیا وەربگرن و مالیزیا بڕیاریداوە لە بەغدا باڵیۆزخانەی خۆی بکاتەوە و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان بکات.
ئاماژەی بەوەکرد، لە عێراق هەلی وەبەرهێنان زۆرە، بۆیە داوای لە کۆمپانیا مالیزییەکان کرد وەبەرهێنان لە عێراق بکەن، بەتایبەتی کە ئەو کۆمپانیایانە ئەزموونی زۆریان هەیە لە بوارەکانی نەوت و غاز و ئەوانی دیکە.
ڕوونیکردەوە، هەوڵ دەدەن بۆ فراوانکردنی بازاڕی نەوت، چونکە عێراق وڵاتێکی نەوتییە.
هاوکات، زامبری عەبدولقادر، وەزیری دەرەوەی مالیزیا ڕایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەنیازن باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا بکەنەوە و هەروەها خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق خستەڕوو.