پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگای سلێمانی پێشوازی لە فەیسەڵ هەمیس، جێگری بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی عێراق کرد. و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، بۆ یەکەم جار کردنەوەی ناوەندێکی دارایی عێراقی لە سلێمانی راگەیاند؛ کە یەکێک لە کارەکانی پێدانی قەرزە.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی کردنەوەی ئەم ناوەندەوە، هانی دەستپێشخەری گەنجان و خاوەن کارەکان دەدەین بۆ کردنەوەی پرۆژەی بچووک و مامناوەند لە رێگەی پێدانی قەرزی ماوە درێژ، کە بە شێوەیەک دەبێت هیچ بارگرانییەک لەسەر خاوەن پرۆژەکە درووست نەکات.
د. هەڤاڵ وتیشی، کردنەوەی ئەم سەنتەرە سودێکی زۆر بە دانیشتوانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و لە ئایندەشدا پلانیان هەیە چەند لقێکی دیکەی هاوشێوەی ئەم سەنتەرە لە شارەکانی دیکەش بکەنەوە بە رەزامەندی و هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.
پارێزگاری سلێمانیش ئەوەشی ووت، ئەگەر حکومەتی هەرێم هاوئاهەنگ هاریکاریان بێت، دەتوانن لقێک لە بانکەکانی خانووبەرە و بازرگانی و پیشەسازیی و کشتوکاڵیی عێراق بهێننە سلێمانی، و هاوڵاتییان راستەوخۆ سودمەندی 100 ملیۆن دیناری پێشەکی خانووبەرە و هاوسەرگری ببن کە بانکی ناوەندی عێراق راستەوخۆ دەیدات بە هاوڵاتییان و فەرمانبەران.
هەروەها راشیگەیاند، بانکی ناوەندی ئامادەییان هەیە کە لقێک لە لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەینیش بهێننە سلێمانی و بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوکاری و کارئاسانی حکومەتی هەرێم دەکات لە رێککەوتن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق.
یەکێک لە کارەکانی ئەم ناوەندە بریتی دەبێت لە، پێدانی قەرزی بچووک و مام ناوەند بە هاوڵاتییان و گەنجانی سلێمانی. ئەمەش لە رێگەی پێشکەشکردن و دیراسەکردنی وردی پرۆژەکان لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندی ئەو سەنتەرە و پاش هەڵسەڵگاندنی پێشنیاری کاری گەنجان، قەرزەکە دەدرێت پێیان.
سەبارەت بە نرخی دۆلاریش، پاریزگاری سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، کە کردنەوەی ئەم لقە لە هەرێم، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر نرخی دۆلار لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستانیش بە گشتی. روونیشیکردەوە، ئەو بڕە نەختینەییەی کە رۆژانە و هەفتانە بانکی ناوەندی لە دۆلار دەیخاتە بازاڕەکانەوە، بەشێوەی راستەوخۆ و بەپێی یاسای بودجە و لەژێر سەرپەرشتی و یاساکانی بانکی ناوەندی، بەشێک لەو دۆلارانە دەدرێت بە بازرگانان و هاوڵاتییانی گەشتیار. کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر نرخی دۆلار و شتوومەک لە بازاڕەکاندا.
بەپێی ووتەی فەیسەڵ هەمیس، جێگری بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی عێراق، پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ، هەوڵدەدرێت بانکەکە بکرێتەوە و هاوڵاتییانی شاری سلێمانی سودمەند بن لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی عێراقی.