وەزیرێک زیاتر لە 20 موڵکی بەناوی براکانی هاوسەرەکەی تۆمارکردووە

ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ کە تایبەتە بە دۆسیەی دەستپاکی، ئاشکرای کرد کە فەرمانی ئامادەبوونی لە دادگای بۆ وەزیری پێشووی نەوت دەرکردووە بە تۆمەتی تاپۆکردنی زیاتر لە 20 موڵکە بەناوی براکانی هاوسەرەکەیەوە.

زیا جەعفەر، دادوەری دادگا، لە کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی دادگا ئەنجامی داوە دەرکەتووە کە، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق، پارەی لە وەبەرهێنێک وەرگرتووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر سەبارەت بەو بابەتە، دەرکەوتووە ژمارەیەک موڵک بەناوی بەناوی براکانی خێزانی وەزیری پێشووی نەوت تۆمارکراون”. روونیشیکردەوە، “سێ لەو موڵکانە دەکەونە پارێزگای بەسڕە و دووانیشیان موڵکی نایابن و رووبەری یەکێکیان 900 مەترە”.

هەروەها دەرکەوتووە تۆمەتبار “14 شوقەی نیشتەجێبوون بە رووبەری 10 دۆنم و موڵکێکی دیکە بە رووبەری 600 مەتر لە ناوچەیەکی نایابی بەغدا داوە بە براکانی هاوسەرەکەی”.

زیا جەعفەر، راشیگەیاند کە ووردەکاری زیاتری دۆسیەکە لای دادگای لێکۆڵینەوەکانی کەرخە و دەستەی دەستپاکیش ئاگاداری بابەتەکەیە.

بەپێی زانیارییەکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەموو براکانی هاوسەری وەزیری نەوتی پێشووی عێراق دەرچووە.

سەبارەت بە تۆمەتباری سەرەکی، ئەو دادوەرە ئاشکرایکرد، ” لە ئێستادا هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن بۆ ئیحسان عەبدولجەبار دەرنەچووە، بەڵکو تەنها بانگێشتنامەی فەرمی دادگای بۆ چووە و تێیدا کات و شوێنی دادگاییەکەی پێ وتراوە”.

ئیحسان عەبدولجەبار لە ساڵی 2020 بۆ 2022 وەزیرى نەوتی عێراق بوو و بۆ ماوەیەکیش وەزیرى دارایی بوو بە وەکالەت لە حکومەتى عێراقدا کە مستەفا کازمى سەرۆکایەتیى دەکرد.

پێشتریش بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، دادگەیەکى تایبەت بە دۆسیەکانى دەستپاکى عێراق بڕیاریدا دەست بەسەر موڵک و ماڵى ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى پێشووى نەوتدا بگرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا