“سەرۆك لەماڵەكەی خۆیەوە دەتوانێت واژۆ لەسەر فرۆشتنی شارێك بكات”

پۆڵەتیك پرێس:

پرۆژە پێشنیازی “یاسای فرۆشتن‌و بەكرێدانی ماییەكانی دەوڵەت” لەهەرێمی كوردستان جۆرێك مشتومڕی دروست كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەسەڵات بەسەرۆكی حكومەت دەدات، هەر شتێك موڵكی دەوڵەت بێت بیفرۆشێت.

 

پەرلەمانی كوردستان ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆو خوێندنەوەیە بۆ پرۆژەپێشنیازێك، بە مەبەستی دەرچوواندنی یاسایەك بۆ فرۆشتن‌و بەكرێدانی موڵك و ماڵی دەوڵەت بەناوی “یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی ماییەكانی دەوڵەت”.

 

“سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەبێت هەموو موڵكێكی دەوڵەت بفرۆشێت”

بەپێی ناوەڕۆكی پرۆژەكە، كە لەماددەیەكیدا جێگیركراوە، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەبێت بەیاسا هەر موڵێك، كە خاوەندارییەكەی بۆ دەوڵەت بگەڕێتەوە، دەتوانێت بیفرۆشێت.

 

پرۆژە پێشنیازەكە لەسەر یاسای ژمارە 21 ساڵی 2013 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داڕێژراوە، كە پێشتر یاساكەی عێراق بەهەمان ناونیشان و بۆ هەمان مەبەست دەرچوێنراوەو ئەوەی هەرێمیش زورینەی زۆری دەقی بڕگە و ماددەكانی لەو یاسایەوە وەرگیراوە .

سەرۆكی حكومەت بەواژوویەك دەتوانێت شارێك بفرۆشێت

سەرۆكی حكومەت بەواژوویەك دەتوانێت شارێك بفرۆشێت

Julkaissut Politic Press Tiistaina 29. syyskuuta 2020

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ماددەیەكی یاساكەی عێراق دەستكاری كراوە، كە ئەویش مادەی 39 ی پرۆژەكەیەو ئەو مادەیە دەڵێت: سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كاتی پێویستی بڕیار بدات بەفرۆشتنی مایە گوێزاوەكان و نەگوێزراوەكانی دەوڵەت، یان بەكرێدانیان، بەدەر لەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەر كراوە.

بەڵام لەیاساكەی عێراق دەڵێت: “ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە لەكاتی پێویستدا بڕیاربدات بەفرۆشتنی مایە گوێزراوەو نەگوێزراوەكانی دەوڵەت، یان بە كرێدانیان بەدەر لەو ڕێكارانەی لەم یاسایەدا دەقیان لەسەر كراوە”.

“سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە لە كاتی پێویستی بڕیار بدات بەفرۆشتنی مایە گوێزاوەكان و نەگوێزراوەكانی دەوڵەت”

بەمەش جیاوازییەكی روون لەنێوان دەقی یاسا عیراقییەكە و دەقی پرۆژە پێشنیازەكەی بۆ هەرێم ئامادەكراوە هەیە، كە لەیاساكەی عێراقدا بەجیاگرتنی دەسەڵاتەكانی فرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەت سپێردراوە بەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران، واتا بەدامەزراوەیەكی فەرمی دەستووری، كە ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەڵام هەمان بەجیاگرتن لەفرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەت لە پرۆژەیاساكەی هەرێمدا، دراوە بە كەسی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ‌و ئەنجوومەنی وەزیران لەو پرۆسەیە هیچ رۆڵێكی نابێت.

“سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی دەبێت لەماڵەكەی خۆیەوە واژوو لەسەر فرۆشتنی شارێك بكات”

سمكۆ ئەسعەد راوێژكاری یاسایی لەهەرێمی كوردستان لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو ماددەیە هۆشداری دەدات‌و دەڵێت: سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەسەر بنەمای ئەم یاسایە، دەسەڵاتی دەبێت لەماڵەكەی خۆیەوە واژوو لەسەر فرۆشتنی شارێك بكات.

 

سمكۆ ئەسعەد لەو بارەوە نامەیەكی ئاراستەی پەرلەمانتارانی كوردستان كردووەو دەشڵێت: ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقی گەورەتان لەسەر شانە لە دەرچوواندنی هەر یاسایەك، لەبەر ئەوەی ئەو یاسایانەی بە دەنگی ئێوە دەردەچوێنرێت چیتر مافی تانە لێدانی نییە بە هۆی نەبوونی دادگایەكی باڵا لە هەرێمدا .

 

داواش دەكات دەقی ماددە 39ی پرۆژەكە وەك دەقی ماددە یاساییەكەی عێراق لێبكەن‌و دەسەڵاتی فرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەت بەكۆی ئەنجوومەنی وەزیران بسپێرن نەك بە كەسی سەرۆكەكەی .

 

جگە لەو راوێژكارە یاساییە، بەشێك لەپەرلەمانتارانیش داوای گۆڕانكاری لەیاساكە دەكەن‌و بەپێویستیشی دەزانن، ئەو یاسایانەی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەردەگیرێن، دەبێت بەهەرێمی بكرێن.

 

لەو بارەوە كاوە عەبدولقادر، ئەندامانی لیژنەی كاروباری یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەو یاسایانەی لەعێراق دەرچووە و تائێستا بەركارنەكراوە، پێویستە سەرجەمیان بەركاربكرێن، چونكە بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتیانی تێدایە، كە جێگەی داخە پەرلەمانی كوردستان هەڵدەستێت بە هەڵبژاردنی ژمارەیەكیان و بەویستی خۆی گۆڕانكاری تێدا دەكات بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی گشتی لە هەندێكیاندا ڕەچاوبكرێت.

 

“دەبێت یاساكان بەژمارەیەك گۆڕانكاری نوێوە بكرێنە یاسایەكی هەرێمی، بۆ یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی ماییەكانی دەوڵەت”

وتیشی: دەبێت یاساكان بەژمارەیەك گۆڕانكاری نوێوە بكرێنە یاسایەكی هەرێمی، بۆ یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی ماییەكانی دەوڵەت، دەبێت هاوشێوەی عێراق دەسەڵاتی فرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەت بەكۆی ئەنجوومەنی وەزیران بسپێرن نەك بەكەسی سەرۆكەكەی، چونكە قەتیسكردنی ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران شتێكی خراپە و ئێمە دەنگی پێنادەین.

 

مەترسییەكانی یاسا دەركردن لەهەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە بەشێكی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە دادگایەكی باڵا نییە تانەی لەدەرچوواندنی بدەیت.

 

كاوە عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشكرد، مەترسییەكانی یاسا دەركردن لەهەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە بەشێكی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە دادگایەكی باڵا نییە تانەی لەدەرچوواندنی بدەیت، ئەوەش پێچەوانەی عێراقە، وەك پەرلەمانتارانیش هەر یاسایەك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان نەبوو دەنگی پێنادةن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک