پۆڵەتیك پرێس:
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم پێداچونەوە بە گرێبەستەكانی كۆمپانیای كار بكات كە 35%ی نەوتی كوردستانی لەلایە، ئەوا ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە ئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، گەورەترین دۆسیەی نەوت، نۆ مانگە بەدوایەوەم، گەورەترین كێڵگەی نەوت لە كوردستاندا خورمەڵەیە، 35٪ نەوتی هەموو كوردستان لەم كێڵگە بەرهەمدێت و بەرهەمی ڕۆژانەی 170 هەزار بەرمیلە”.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو كێڵگە، كێڵگەیەكی ئامادەكراوی عێراق بووە و و دراوە بە كۆمپانیای كار بۆ بەڕێوەبردن و فراوانكردن، تاوەكو ئێستا گرێبەستی ئەو كێڵگە نادیارە، خزمەتگوزاریە یان هاوبەشیە لە بەرهەم، پێویستە خزمەتگوزاری بێت.
عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشكردووە، داهاتی قازانجی سەرجەم كۆمپانیا نەوتیە بیانیەكان دیارە لە كوردستان، بەڵام نە حكومەتی هەرێم و نە كۆمپانیای كار هیچ زانیاریەك لەسەر قازنجی كۆمپانیای كار ناڵێن، لەكاتێكدا گەورەترین كێڵگەی نەوتی لای كۆمپانیای كارە، گەورەترین پاڵاوگەش بە “نایاسایی” لەسەر كۆمپانیای كار تاپۆكراوە، 40٪ بۆری نەوتی كوردستانیش بەهەمانشێوە هەر لەلای ئەو كۆمپانیایەیە، بەجۆرێك ئیمپراتۆریەتێكی نەوتیە”.
عەلی حەمەساڵح، دڵنیای داوە، كە بە پێداچونەوە بە گرێبەستەكانی كۆمپانیای كار، سەدان ملیۆن دۆلاری ساڵانە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، داواكارم لە حكومەت پێداچونەوە بەم گرێبەستانەدا بكات.