پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئێران ئاوی زێی بچووك دەگرێتەوە و بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زێیەكەش، كێشە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ قەڵادزێ دروست دەبێت.
مارف مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە سنووری پشدەر رایگەیاند، ئەمساڵ ئێران بە رێژەیەكی زیاتر ئاوی زێی بچووكی كەمكردووەتەوە و ئەمەش وایكردووە پێداچوونەوە بە خشتەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ قەڵادزێ دەكەن.
ئەمساڵ ئەمە دووەمجارە ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووك لە قەڵادزی دەگرێتەوە، یەكەمجار رۆژی 25 ی حوزەیران بۆ ماوەی پێنج رۆژ گرتییەوە.
ئاوی زێی بچووك رووبارێكی كوردستانە، لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و باشووری كوردستان تێپەڕ دەكات و دەڕژێتە سەر رووباری دیجلە، درێژاییەكەی 400 كیلۆمەترە و لە بەشێكیدا سنووری ئێران و عێراق دەستنیشان دەكات.
لە باشووری كوردستان، بەنداوی دووكان و لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەنداوی سەردەشت لە سەریدا دروست كراوە. دوای تێپەڕبوونی لە بەنداوی دووكان، سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و كەركووك دیاری دەكات و دەڕژێتە دیجلەوە.