لە هەڵەبجە ئامادەكاری بۆ فێستیڤاڵی كشتوكاڵی دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە رایگەیاند: ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەنجامدانی فێستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە كۆتایی ئەم مانگەدا.

باسی لەوەشكرد، بەهۆی بوونی هەندێك نەخۆشی و كاریگەری كەش و هەوا ئەمساڵ بەرهەمی هەنار بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمتر دەبێت.

ستار مەحمود بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە وەكالەت بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ساڵانی رابردوو دوو چالاكی كشتوكاڵی ئەنجامدراوە لە ئەمساڵەوە هەردوو چالاكییەكە یەكدەخرێن و بۆ ساڵانی داهاتووش بەو شێوەیە دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە وەكالەت وتی: ئاماری بەرهەمی هەناری ئەمساڵ هێشتا لەبەردەست نیە، بەڵام بەرهەمی هەنار كەمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كەش و هەوا و بڵاو بوونەوەی هەندێك نەخۆشی لە هەنارەكاندا.

فەرهاد قادر، ئەندامی تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لەمساڵدا ڤیستیڤاڵی كشتوكاڵی و ڤیستیڤاڵی هەنار بەیەكەوە ئەنجام دەدرێت، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستیەكان .

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە تایبەتمەندی فیستیڤاڵەكە لەوەدایە كە بە تەنها چالاكییەكی تایبەت بە بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان نییە، بەڵكو وەك بۆنەیەكی كولتووری و برەودان بە بەرهەمە كلتووریەكانیش دەبینرێت.

ئازاد محەمەد، جووتیارێكی هەڵەبجەیە و دەڵێت: ساڵانە بەشێك لە باخەكانی هەنار لە ناوچەكە تووشی نەخۆشی جیاواز دەبن و باخەوانەكانیش هەندێك جار توانای كۆنترۆڵ كردنی ئەو نەخۆشیانەیان نیە بە هۆی كەمی شارەزایی و نەبوونی داهاتیان بۆ كڕینی دەرمانی پێویست.

بەهۆی لە باری ئاو و هەوای هەڵەبجە بۆ بەرهەمی هەنار، ساڵانە زیاد لە (20) هەزار تەن هەنار بەرهەم دەهێنرێت بەشی هەرە زۆری لە بازاڕەكانی هەرێمدا ساغ دەكرێتەوە و لێیشی رەوانە دەكرێت بۆ دەرەوەی هەرێم.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا