هاوڵاتیانی هەرێم لە قەرز و پێشینەی بانكە عێراقییەكان بێبەش دەكرێن

پۆڵەتیك پرێس

سەرەڕای بوونی چەند لقێكی بەشێك لە بانكە عێراقییەكان، بەڵام تائێستا هاوڵاتیانی هەرێم بێ بەشن لە سودەكانی ئەو بانكانەوە، ئەوەش بەهۆی چەند هۆكارێكەوەیە.

بانكی رەشید و رافیدەین كە دوو بانكی سەرەكی حكومەتی عێراقین خاوەنی چەندین لقن لە شارەكاندا، ئەو بانكانە بە گرتنەبەری چەند رێو شوێنێك ناو بەناو پێشینەو قەرز دەدەنە هاوڵاتیان بەتایبەت ئەو كەسانەی هەژماری بانكی تایبەت بەخۆیان هەیە.

تائێستا هاوڵاتیانی هەرێم بێ بەشن لە سودەكانی ئەو بانكانە

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا هاوڵاتیانی هەرێم نەیانتوانیووە هیچ سودێك لەو پێشینەو قەرزانە وەربگرن، ئەوەش لەكاتێكدایە چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو رێككەوتنەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی كردنەوەی لقی ژمارەیەك بانكی عێراقی لەهەرێم.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەهەرێمی كوردستان هیچ بانكێك كاری خۆی ناكات، چونكە بانك دەبێت بەشداربێت لەبەرەو پێشبردنی ئابوری وڵات، نەك وەك قاسەیەك تەنها پارەی تێ بكرێت و موچە بدات.

وتیشی، “بەپێی دەستوور بەشێك لەو یاسایانەی لە عێراق دەردەكرێن هەرێم دەسەڵاتی ئەوەی هەیە جێبەجێی بكات یان نەیكات”.

 

ئەو بانكانە بە گرتنەبەری چەند رێو شوێنێك ناو بەناو پێشینەو قەرز دەدەنە هاوڵاتیان بەتایبەت ئەو كەسانەی هەژماری بانكی تایبەت بەخۆیان هەیە

عێراق لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لقی بانكی حكومی و كردووەتەوە وەك لقی بانكی رەشید، رافیدەین، تی بی ئای، لەگەڵ ژمارەیەك بانكی دیكەی ئەهلی، بەڵام لەكاتی پێدانی قەرز لەبانكەكانەوە كێشە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەكرێت، چونكە لەرێگەی هەژماری كارتی بانكیەوە قەرزەكان دەدرێت.

بەڵام لە هەرێم ئەو هەژمارە نییەو نادرێتە هاوڵاتیان تاوەكو هاوشێوەی ناوچەكانی دیكە هاوڵاتیانی هەرێمیش لەو بانكانە سوودمەند بن.

بانكی رەشید بانكێكی حكومەتی عێراقییەو ساڵی 1988 دروستكراوە، بانكێكی بازرگانیە و 162 لقی لە ناوخۆی عێراقدا هەیە، ئەو بانكە لە بوارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتیوانی دارایی كاردەكات، لە ئێستاشدا فەرمانبەرانی ئاگاداركردوەتەوە بە پێدانی 40 ملیۆن دیناری قەرز بۆ كڕین یان دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون.

بەوتەی شارەزایانی ئابوری نەكردنەوەی ئەو لقانەش لەهەرێم كاریگەری لەسەر هەرتاكێكی هەرێم دەبێت، چونكە بەكردنەوەیان دەتواندرێت دەتوانرێت قەرز وەربگیرێت و مامەڵە داراییەكانیان ئەنجام بدەن و بەوەش هەلی كار دەڕەخسێت و بازاڕیش جموجوڵێكی دیكەی تێدەكەوێت.

بیلال رەئوف، شارەزای ئابوری بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پێویستە لە پرسە داراییەكاندا هەرێمی كوردستان و عێراق هاوتەریبی یەك بن، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە سیاسیەی هەیە نەتوانراوە پەیڕەوبكرێت.

باسی لەوەشكرد، ئەو بانكە حكومی و ئەهلییانەی لقیان لە خوارو ناوەڕاستی عێراق هەیە، لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدان، لەهەموو ناوچەكانی هەرێم نین، بەهۆی ئەو كێشە سیاسییانەی هەردولاوە بووە، بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێم لە رێگەی دانوستانەوە باوەڕ بە حكومەتی عێراق بكات بۆ كردنەوەیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا