پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا پێ دەنێتە قۆناخێکی هەستیارەوە، ئەمەش پاش ئەوە دێت کە سەرۆکی ئۆکراینا و سەرۆکی پێشووتری رووسیا؛ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە یەکتر دەکەن.
پاش تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێک و بە دیاریکراوی لە رێککەوتی 24ی شوباتی 2022، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشە و قەیرانەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەیشتن بە بنبەست لە دانوستان و کۆبوونەوە، رووسیا بڕیاری هێرشکردنە سەر وڵاتی ئۆکراینای دا بە پاساوی ‘پاراستنی سنوورەکان’.
ئەمڕۆ پاش بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ‘لیتڵ بۆی’ لە رێکەوتی 6ی ئابی 1945 دا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر شارەکانی هێرۆشیمان و ناکازاکی یابان، جیهان مەترسیەکی تری ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم بەخۆوە دەبینێت لەلایەن دوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆم، کە ئەوانیش رووسیا و ئۆکراینای دراوسێن.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، دوێنێ پاش هێرشە درۆنییەکەی سەر مۆسکۆ ووتی “شەڕ دەبەینە ناو مۆسکۆ”.
زیلینسکی، لەکاتی سەردانیکردنی رۆژئاوای وڵاتەکەی وتیشی، “وردە وردە جەنگ دەبەینە ناو سنوورەکانی خاکی رووسیا و ناو شوێنە هەستیار و پڕبایەخەکان و ناوەند و پێگە سەربازیەکانی ئەو وڵاتە”.
ئاماژەی بەوەکرد، ئۆکراینا بەهێزتر دەبێت و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی مۆسکۆی کرد لەم زستانەدا.
ساڵی پێشوو، تۆپخانەکانی رووسیا بەچڕی بۆردومانی ناوەندەکانی بەرهەم هێنانی وزەی کرد لە ئۆکراینا و زیانێکی کوشندەی دا لە ئۆکراینا و کارەبا و ووزەی ئەو وڵاتەی لە وەرزی زستاندا تا ڕادەیەکی زۆر لاواز کرد.
هەڕەشەکانی دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی رووسیا، ئەم هەڕەشانەی سەرۆکی ئۆکراینای بە هەڕەشە وەڵام دایەوە و ووتی ” لە ئەگەر سەرکەوتنی هێرشی هەڵگەڕاوەی ئۆکراینا، رووسیا ناچار دەبێت چەکی ئەتۆمی بەکاربێنێت”.
مێدڤێدێڤ، سەرۆکی رووسیا بوو لەنێوان ساڵەکانی 2008 بۆ 2012 و لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیایە و کەسێکی نزیکە لە ڤلادمیر پووتن.
هەروەها ووتیشی، “ئەگەر هێرشی هەڵگەڕاوەی ئۆکراینا و بۆ سەر رووسیا سەرکەوتوو بێت و بێننە ناو خاکمانەوە، ئەوا بەپێی رێگەپێدانێکی سەرۆکی رووسیا دەستکراوە دەبین لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.”
وتیشی؛ کە لەو دۆخەدا هیچ بژاردەیەکی تر نابێت و “دووژمنەکانمان پێویستە نزا بکەن سەربازەکانمان سەرکەوتن بەدەست بهێنن لەم جەنگەدا، چونکە ئەوانن رێگری دەکەن لە روودانی کارەساتی ئەتۆمی.”
هەڕەشەکانی مێدڤێدێڤ لە کاتێکدایە، ئۆکراینا لە هەوڵدایە ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە کە رووسیا ‘تاکلایەنانە’ لکاندنی بە خاکی رووسیاوە و ئەمەش لەلایەن کیێڤ و زۆرینەی رۆژئاواوە بە توندی رەتکرایەوە.
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022، دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە، بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ، 9 هەزار و177 هاوڵاتی سڤیل کوژراون و 15 هەزار و 993 کەسیش بریندار بوون.