هاوڵاتیانی شەنگال
دانیشتوانی شەنگال رایدەگەیەنن، سیستمی خۆبەڕێوەبەری كاتی هاتووەو دەیانەوێت چیتر خۆیان ئیدارەی بەڕێوەبردنی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
رۆژی 24ی ئەیلولی ئەمساڵ لە شەنگال هەڵمەتێك بەناوی (بەسە بۆ قركردن و فەرمان دەركردن) رێكخرا، ئامانجی هەڵمەتەكەش دانانی سیستمی خۆبەڕێوەبەری و سیستمی لامەركەزی بوو بۆ شەنگال و دەوروبەری.
رێكخەرانی هەڵمەتەكە باس لەوەدەكەن، دەیانەوێت لەرێگەی خۆبەڕێوەبەرییەوە رێگە نەدەن چیتر رووبەڕووی داگیركاری و هێرش و پەلاماری گروپ و لایەنی دیكە ببنەوە.
شەنگالییەكان سەرەتا هێزەكانی خۆپاراستنی یەبەشە و یەژەشەیان دامەزراندن بەبێ هاوكاری حكومەتی هەرێم و عێراق، دەستیان كرد بەئاوەدانكردنەوەی شەنگال
بۆ ئەو داواكارییەشیان پێشتیان بە ماددەی ١١٦ و ١٢٥دەستوری عێراقی بەستووە كە بەپێی ئەو مادانە خەڵكی ئەو ناوچانە دەتوانن خۆبەڕێوەبەری ئەنجام بدەن.
كاتێك ساڵی ٢٠١٤ داعش هێرشی كردە سەر شەنگال، شارەكەیان لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقەوە بەبێ تەقە رادەستی داعش كرا
حەسۆ ئیبراهیم جێگری هاوسەرۆكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری بۆ پۆڵەتیك پرێسی رایگەیاند، شەنگالییەكان سەرەتا هێزەكانی خۆپاراستنی یەبەشە و یەژەشەیان دامەزراندن بەبێ هاوكاری حكومەتی هەرێم و عێراق، دەستیان كرد بەئاوەدانكردنەوەی شەنگال و لە هەموو شوێنێك ناوەندی شارەوانیان دروستكرد و دەستیانكرد بە خزمەتی هاوڵاتیان.
باسی لەوەشكرد، دوای تەواوبوونی شەڕی داعش هێزەكانی سوپای عێراق هاتنەوە ناو شەنگال و جارێكی تر دەیانەوێت شەنگال بگەڕێننەوە سەردەمی پێش هێرشەكانی داعش، بەڵام شەنگالیەكان لە رزگاركردنی شەنگالدا زیاتر لە ٣٠٠ شەهیدیان داوە و لە ئێستادا خۆیان شەنگال لە دەپارێزن.
ئەوەی وایكردووە خەڵكی شەنگال پەنا بۆ كارێكی لەوشێوەیە ببەن ئەوەیە وەك خۆیان باسی دەكەن كاتێك ساڵی ٢٠١٤ داعش هێرشی كردە سەر شەنگال، ئەوكات شارەكەیان لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقەوە بەبێ تەقە چۆڵكردو ناوچەكەیان بێ بوونی هیچ بەرگرییەك رادەستی داعش كرد.
ئیبراهیم ئێزیدی رۆژنامەنووس، دەربارەی داواكارییەكانی ئێزیدییەكان بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، شەنگالییەكان داوا دەكان شەنگال و دەوروبەری ببێت بە پارێزگایەكی سەربەخۆ.
ئەوەش دەخاتەڕوو، ئێستا دوو ئیدارە هەن هەر یەكەیان خۆی بە خاوەنی شەنگال دەزانێت، یەكێكیان سەر بەر پارتی دیموكراتی كوردستانە و لە دهۆكە تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ شەنگال، ئەوی تریش كە قایمقام و بەڕێوبەری ناحیەكەن لە شەنگالن و بە كاتی دەستیان بە داوام كردوەتەوە.