ئاسمانی هەرێم بووەتە جێی تەراتێنی فڕۆکەکانی تورکیا و ئێران

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

تورکیا و ئێران بەشێوەیەکی بەرفراوان فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لە ئاسمانی باشوری کوردستان بڵاوکردووەتەوە بەمەبەستی بەئامانج گرتنی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لەسەر سەلامەتی کەسانی مەدەنی و ناکۆکییە جیۆسیاسییەکان دروست کردووە.

لەوبارەیەوە، محەمەد حەسەن قائیمقامی قەندیل دەڵێت: رۆژێک تێناپەڕێت بە بێ ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی کوردستان ببینین، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فڕۆکانە لە بەرزییەکی مامناوەنددا بە ئاسماندا دێن و دەڕۆن بەجۆرێک دانیشتوانی قەندیل بە ئاسانی و بە چاوی ئاسایی دەیانبینن.

ماوەیەکی زۆرە، تورکیا و ئێران لەڕێی هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانەوە هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و بۆردومانیان دەکەن.

Turkey, Iran deploy 'game-changing' drones in north Iraq

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨، هەریەکە لە تورکیا و ئێران دەستیان کرد بە بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ چاودێری کردنی باشوری کوردستان و بەئامانج گرتنی کوردانی پەکەکە.

بۆردومانی تورکیا ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری دروست کردووە بۆیە یەزیدییەکان ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان

دانیشتوان و شیکەرەوەکانی ئەو ناوچە زیان بەرکەوتووانە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، لەدوای ئەوەی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی پێشووەوە هێرشی نوێی دەستپێکرد، بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە.

لە راپۆرتەکەی فرانس پرێسدا ئەوەش هاتووە، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان رێگری لە هەزاران یەزیدی کردووە لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان لە ناوچەی سنجار نزیک سنوری سوریا کە لایەنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدایە.

مەحما خەلیل قائیمقامی سنجار دەڵێت: بۆردومانی تورکیا ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری دروست کردووە بۆیە یەزیدییەکان ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.

بێ متمانەیی و توڕەیی

سەرباری ناڕەزایەتی گشتی، تورکیا وەک هەنگاوی نوێی هێرش کردنە سەر لایەنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی کرد بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ساڵانێکە پەکەکە لە باشوری کوردستان خۆیان حەشارداوە، بۆیە تورکیا هەوڵ دەدا بە هەر رێگایەک بێت پێیان بگات و بیاندۆزێتەوە.

نیکۆلاس هیراس لە پەیمانگای توێژینەوە جەنگییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەو فڕۆکانە رێگەیان بە ئەنقەرە داوە لەماوەی چەند خولەکێکدا پەکەکە بکاتە ئامانج و شوێنەکانیان دیاریبکات.

لەوبارەیەوە زاگرۆز هیوا وتەبێژی پارتی کرێکارانی کوردستان بە فرانس پرێسی راگەیاند، لەمساڵدا هێزەکانمان حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی شارەزا لە بواری بەرنامەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لە باشوری کوردستان بەچڕی و بەرفراوانی ئاگاداری ئەو هێرشانە بوون.

دەشڵێت: تورکەکان بە چەکەوە بەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق دەفڕن ئەوەش بابەتێکی حاشا هەڵنەگرە کە بێمتمانەیی و توڕەیی دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران لە سەردەمی جەنگی ئێران-عێراقەوە لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨ فڕۆکەی تایبەتمەندی چاودێری بەکارهێناوە.

ئادەم راونسلی کە چاودێری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دەکات لە پەیمانگای توێژینەوەکانی سیاسەتی دەرەوە رایگەیاند، موهاجر-٦ی نوێ و شاهید-١٢٩ دووان لەو چەکانەی ئێرانن لە باشوری کوردستان کە تایبەتترینن لەلای تاران.

هەتا ئێستا هیچ چالاکوان و بەرپرسێک نەیتوانیوە ژمارەی کوژراوانی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر کوردستان دیاری بکات

دەشڵێت: ئەو رێگایەی ئێران لە بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لە کوردستان بەکاریدەهێنێت ١٨٠ پلە جیاوازە لە هەر شوێنێکی دیکە و ئاڵۆزییەکی زیاتری تێدایە.

لەماوەی رابردوودا، ئێران رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا هەنگاوی هەماهەنگ دەنێین بۆ روبەڕوبوونەوەی چالاکی کوردانی پەکەکە لە باشوری کوردستان.

لەدوای ئەوەی لە مانگی ئابی رابردوودا تورکیا لەڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردە سەر باشوری کوردستان و تێیدا دوو سەربازی باڵای عێراقی کوژران، بەغدا توڕەیی خۆی دەربڕی بەڵام فشاری نەخستە سەر ئەنقەرە.

لە راستیدا، هەتا ئێستا هیچ چالاکوان و بەرپرسێک نەیتوانیوە ژمارەی کوژراوانی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر کوردستان دیاری بکات.

لەوبارەیەشەوە ویم زویجنینبورگ لە رێکخراوی ئاشتی هۆڵەندی PAX دەڵێت: ئەو بێ داتاییە ناڕوونییەکی زیاتر دەهێنێتە ئاراوە لەبارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئاسمانی کوردستان.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا