پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق مۆڵەتیان بە 11 حیزب داوە بەو مەرجەی پێویستییەكانی دامەزراندنیان تەواوبكەن، دەشڵێت، 76 حیزبی نوێ داواكاریان پێشكەشكردووە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا بكەن.
رۆژی یەكشەممە، 23-7-2023، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە رایگەیاند: پێشتر وادەی 18-11-2023 لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرابوو، بەڵام ئەنجوومەنی كۆمیسیاران پێیانوابوو ئەو هەڵبژاردنە ناتوانرێت لەو كاتەدا بكرێت، چونكە وادەكە كاریگەریی نەرێنی لەسەر چۆنایەتی هەڵبژاردنەكە دەبوو و دەبووە هۆكارێك بۆ لەدەستدانی زۆر پێوەری نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كۆمیسیۆن وادەیەكی نوێی خستووەتە بەردەم سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە رۆژی 18-2-2024 یان وادەیەكی دیكەی دوای ئەوەیە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقیش باسی لەوەكرد، كۆمیسیۆن مۆڵەت بە 11 حیزبی سیاسیی بەمەرجی تەواوكردنی رێكارەكانی دامەزراندنی حیزب داوە، جگە لە پەسندكردنی ناوی ژمارەیەك حیزبی دیكە.
لەبارەی تۆماركردنی حیزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان ئەوانەی ئارەزووی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەیە، وتەبێژی كۆمیسیۆن ئاشكرایكرد: لە ساڵی 2015 ، 281 حیزب دامەزراون و تۆمار كراون، ئێستاش 76 حیزب داواكاریان پیشكەش كردووە، جگە لە 11 هاوپەیمانی نوێ كە لە دامەزراندایە و شەش هاوپەیمانی دیكە كە ئارەزوویان بۆ بەردەوامبوون نیشانداوە.
بڕیارە لە 18ی كانونی دووەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بكرێت، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2005 ەوە ئەو هەڵبژاردنە لە كەركوك دەكرێت.