پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سبەینێ دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر سكاڵایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی هەرێم كۆدەبێتەوە، دوو رۆژ دواتریش نادەستوری بوونی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تاوتوێ دەكات.
سبەینێ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق كۆدەبێتەوە و یەكێك لەو بابەتانەی تاوتوێی دەكات، سكاڵایەكی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كە سكاڵای لەسەر “سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان” و “سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم” تۆمار كردووە.
لە سكاڵاكەدا زیاد جەبار داوا دەكات، بەهۆی كۆتاییهاتنی ماوەكەی، “ئەنجومەنی كۆمیسیارانی هەرێم” بە نایاسایی دابنرێت و ئەندامێتی ئەندامەكانی هەڵبوەشێنێتەوە.
هەروەها بڕیاروایە رۆژی 18ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەكی تری زیاد جەبار لەسەر سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، كە داوایكردووە ماددەكانی (1 و 9 و 15 و 22 و 36)ی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بە نادەستووری بناسێنرێت.
هەمان رۆژ دادگای فیدڕاڵی، گفتوگۆ لەبارەی سكاڵایەكی ئامانج نەجیب شەمعوون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات، كە سكاڵای لەسەر “سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان” تۆمار كردووە و داوای كردووە، ماددەی 36 ی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە نادەستووری بناسێنێت، كە تایبەتە بە كورسیی كۆتای پێهاتەكانی كلدوئاشووری و توركمان و ئەرمەنییەكانی هەرێم، هەروەها داوای كردووە، ماددەی نۆی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە نادەستووری بناسێنێت، كە هەرێمی وەك یەك بازنەی هەڵبژاردن دیاریكردووە.