هێشتا بكوژی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ دەستگیرنەكراوە

پۆڵەتیك پرێس

نزیكەی مانگێك بەسەر كوشتنی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا هیچ كەسێك لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرنەكراوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، “لەلایەن هەندێك كەسەوە بكوژی دوو خوشكەكە داڵدەدراوە”.

رووداوی كوشتنی ئەو دوو خوشكە لە چەمچەماڵ كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو داواكرا لایەنە ئەمنییەكان بەخێرایی بكوژ دەستگیربكرێت و رادەستی دادگا بكرێت.

 

لە هەرێم تاوانكاران و ژنكوژان داڵدە دەدرێن و دەپارێزرێن

رۆژی 9مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تەرمی دوو ‏خوشكی تەمەن 17‌و 19ساڵ لە نزیك گوندێكی قەزای چەمچەماڵ ‏دۆزرانەوە هەر ئەو رۆژە تەرمەكان لە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ ‏پشكنینیان بۆ كرا، لە توێكاریی پزیشكیدا دەركەوت ئاسەواری لێدان و گولـلە بە جەستەیانەوە هەبووە.

دواتریش بە فەرمانی دادوەر ‏بەتۆمەتی كوشتنی كچەكانی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ باوكی كچەكان دەركرا، كە ماوەی چوار ‏رۆژ بوو مۆبایلی داخستبوو هەروەها شوێنی نادیار بوو.

 

لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ژنان لەپەرلەمانی كوردستان: بكوژی ئەو دوو خوشكە لەلایەن هەندێك كەسەوە داڵدەدەدرێت

لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ژنان لەپەرلەمانی كوردستان بەدواداچوونیان بۆ ئەو پرسە كردوەو ئەندامێكی لیژنەكەش باس لەوەدەكات، بكوژی ئەو دوو خوشكە لەلایەن هەندێك كەسەوە داڵدەدەدرێت.

گوڵستان سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، سەردانی قەزای چەمچەماڵیان كردوەو بەدواداچوونیان بۆ كەیسی كوژرانی دوو خوشكەكە كردووە، لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوتووە بكوژی ئەو دوو خوشكە لە دەرەوەی سنوری چەمچەماڵ داڵدەدراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەرێم تاوانكاران و ژنكوژان داڵدە دەدرێن و دەپارێزرێن، تا ئێستاش هیچ كەسێك لەسەر كەیسی ئەو دوو خوشكە دەستگیرنەكراوە، “لەهەوڵی ئەوە داین بزانین كێ لە پشتی ئەم داڵدەدانەوەیە”.

 

قائیمقامی چەمچەماڵ: بكوژ لە سنوری ئێمەدا نەماوە

پەرپرسانی شارەكەش باس لەوەدەكەن هۆكاری دەستگیرنەكردنی بكوژە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونكە لە سنوری دەسەڵاتی ئەواندا نەماوەو ئەو ناوچەیەی جێهێشتووە.

رەمەك رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ بۆ پۆڵەتیك پرێس باس لەوەدەكات، ئەو دوو خوشكە لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە تۆمەتی مامەڵەی خراپ سكاڵای یاسایی لەسەر باوكیان تۆماركردبوو دواتر چوونە شێڵتەرێكی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی، دوای كەمتر لە مانگێك باوكیان بەڵێن بە دادوەر دەدات كە بیانباتەوە لای خۆی و و ئازاریان نەدات.

دەشڵێت، “پاش وەرگرتنی‌ كەفالەت لە باوكیان بە فەرمانی‌ دادوەر لە بەرواری‌ (٢٤ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢٠) گەڕاونەتەوە ماڵی‌ خۆیان، بەڵام ئەوە بوو دوای ماوەیەك دیارنەمان و دواتر دەركەوت كە كوژراون”.

قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تا ئێستا هیچ كەسێك دەستگیرنەكراوە لەسەر ئەو تاوانە وە دڵنیایدا بەوەی كە تاوانبار لە سنوری ئەواندا نەماوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا