به‌شداریمان له‌ حكومه‌تی خۆجێی دا بە مانای ‘قڕ و قه‌پ’ نییە

پۆلەتیک پرێس؛

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، دەڵێت؛ بە بڕیاری حزب ئەو پۆستەیان وەرگرتووە و لە ئێستاشدا هیچ بڕیارێکی نوێیان سەبارەت بە کشانەوە لە حکومەتی خۆجێی پپێنەگەشتووە.

لەبارەی کشانەوەی یەکگرتو لە حکومەتە خۆجێیەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کاوە عەلی جێگری پاریزگاری هەڵەبجە لە پشکی یەکگرتوو بۆ پۆڵەتیک پرێس وتی: لەلایەن حزبەوە تا ئێستا هیچ بە من نەگەیشتووە نە بەفەرمی یان بە نافەرمی، ئەوە رێککەوتنێکی نێوان یەکێتی و گۆڕان و لیستی خزمەت (یەکگرتوو و کۆمەڵ) بووە، ئەگەر هەر بڕیارێک هەبێت لەلایەن ئەوانەوەیە.

ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە، بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتارەکانی یەکگرتوو رەتیانکردەوە واژۆکانیان بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەت بکشێننەوە، پارتیش لە کاردانەوەی ئەو هەڵوێستەدا داوای لەیەکگرتوو کرد لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای دهۆک بکشێتەوە.

کاوە عەلی جێگری پاریزگاری هەڵەبجە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئاگادارنی هیچ بڕیارێکی نوێ نیم، من کە بە نوێنەرایەتی لیستی یەکگرتووم لەم پۆستەدا هەر کات ئەوان وتیان رێککەوتنەکەمان هەڵوەشاوەتەوە و بڕیاری پاشەکەشەمانداوە ئەوا منیش ئامادەی کشانەوەم.

کاوە عەلی باسی لەوەشکردووە، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌شداریمان كردووە له‌ حكومه‌تێكی خۆجێی دا ئیتر ده‌بێت ‘قڕ و قه‌پ’ دابنیشین ئه‌گه‌ر سه‌رۆکوه‌زیران یه‌كگرتووش بێت من هه‌ر به‌م ‘جۆرەی’ ئێستا قسه‌ده‌كه‌م و ڕه‌خنه‌ له‌كه‌موكوڕییه‌كان ده‌گرم.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رەتیشیکردەوە،‌ ئه‌وان له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێک له ‌داواكارییه‌كانیان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پارێزگاكه‌یان بووبێت، کە بخرێتە سەر بەغدا.

پێشتر، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاندبوو: پێشنیازمكردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی یەكێكن و بۆ ئەوەی دان بە دوو ئیدارەییدا نەنێین لەهەردوو حكومەتی خۆجێیی بكشێینەوە.

یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستاندا خاوەنی پێنج کورسییە و لەحکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی ناساندووە و بەشداریی کابینەی نۆیەمی نەکردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا