پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە هەولێر پێشوازیكرد لە شاندێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دەینا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە و چۆنییەتی بەردەوامبوونی هەماهەنگییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوتوێ كران.
لە كۆبوونەوەكەدا كە لە رۆژی 21 ی حوزەیرانی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا خواستی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ بەردەوامی هاوكاری و هاوپەیمانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رۆڵی هێزی پێشمەرگەشی لە شەڕی دژی داعشدا بەرز نرخاند.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند هاوپەیمانی و هاوكاری نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمریكا لە رابردوودا دەستكەوتی گەورەی لێكەوتووەتەوە و هیوای خواست لە داهاتووشدا ئەم هاوپەیمانییە بەهێزتر و پتەوتریش ببێت.
هەردوولاش هاوڕابوون كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر لە ناوچەكەدا پێویستە لە داهاتوودا هەماهەنگییەكان زیاتر بكرێن.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگەدا كرا شاندەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا داوایانكرد پرۆسەكە خێراتر بكرێت چونكە ئەمریكا خواستی ئەوەیە كە هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئێمە ئامادەین كە پرۆسەكە خێراتر بكرێت و جەختیشی كردەوە كە نابێت ناكۆكی سیاسی كاریگەری هەبێت لەسەر بەردەوامی چاكسازییەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد پێویستە بە زووترین كات وەزیرێك بە وەكالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بكرێت تا لەلایەكەوە سەرپەرشتی وەزارەتەكە و پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكات و لەلایەكی دیكەشەوە ئەو لێكتێگەیشتنە جێبەجێ بكات كە پێشتر لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریكادا ئیمزا كراوە.