قوباد تاڵەبانی: هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێك كەمتەرخەم بێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بە مەبەستی بەگەڕخستنی باشتری پڕۆژەكان لە دەڤەری گەرمیان، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان كۆبووەوە و جەختیكردەوە كە؛ دەبێت تا كۆبوونەوەی داهاتوو كە لە ماوەیەكی نزیكدا دەكرێت، كێشە و گرفتەكانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان چارەسەر بكرێن.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێ شەمە 20_6_2023 لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەیدا بە رەخنە و گلەییەكانی دانیشتوانی ئیدارەی گەرمیان و وەبەرهێنەران لە سستی بەڕێوەچوونی كاروبارەكان و هۆشداریدا كە؛ چیتر هیچ كەموكوڕی و كەمتەرخەمییەك لە جێبەجێكردنی كاروباری هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران قبوڵ ناكرێت.

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێنا، لەنێوان سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەكانی ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا بەدواداچون و هەڵسەنگاندن بكەن بۆ كێشە و كەموكوڕییە ئیدارییەكان و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی و گرفتە ئیدارییەكان، هەر لەو ماوەیەشدا مامەڵەكانی پڕۆژەكانی وبەرهێنان تەواوبكرێن و ئامادە بكرێن بۆ كەوتنە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.

جێگری سەرۆك وەزیران راشیگەیاند؛ هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێك كەمتەرخەم بێت لە راپەڕاندنی كاروباری هاوڵاتیان، یان كێشە و گرفت لەبەردەم پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دروست بكات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

لەم چوارچێوەیەشدا، باس لە پلانی قەربوكردنەوەی هەموو ئەو زەویە كشتوكاڵیانە كرا كە دەكەونە ناو پرۆژەكانەوە لە سنوری كەلار و رزگاری.

بڕیاریش درا كۆمپانیای جێبەجیكار بەزووترین كات دەست بكات بە دروستكردنی سایدی دوەمی شەقامی پشتێنەیی كەلار. هەروەها رێكارەكانی كۆڕنیشی سەر روباری سیروان تەواو بكرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەكە دەستبەكار بێت.

جێگری سەرۆك وەزیران داواشیكرد لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەكان كە وەك یەك تیم كار بكەن و هەماهەنگی تەواو لەنێوان خۆیاندا دروست بكەن تا لە ماوەیەكی نزیكدا ئامادەكارییەكان بۆ هەموو پڕۆژەكان تەواو بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا