ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە فراكسیۆنە كوردییەكان دەكات بەرگری لە مافە دەستووریەكانی هەرێم بكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی چوارشەممە7_6_2023، بە سەرپەرشتی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە دووپات كردەوە كە دەرەنجامی گفتوگۆیەكی چڕ و لە سەر بنەمایەكی یاسایی و زانستیانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داكۆكی لە دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، داوا لە گشت فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات كە بە هەماهەنگی و لە پێناوی یەكڕیزی، بەرگری لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەكانی هەرێم لە ناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بكەن.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار، ڕاپۆرتێكی پڕ لە زانیاری لە بارەی داڕشتنی كۆدی بیناسازی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و ڕێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار بۆ پلانسازی و تۆماركردنی ئەلكترۆنی موڵك و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

لە ڕاپۆرتەكەدا، وەزیری شارەوانی ئاماژەی دا بە ڕێكخستنەوەی ڕەوشی بیناسازیی لە هەرێم لە ڕێگای داڕشتنەوەی كۆدی بیناسازیی و نوێكردنەوەی پرۆسەی ڕێپێدانی بیناكردن بە ئاراستەی كۆنتڕۆڵكردنی شێواوی لە ژینگەی بیناسازی وڕێگرتن لە سەرپێچی و زامنكردنی سەلامەتی لە ئاگركەوتنەوە وسەلامەتی دامەزراوەی كارەبایی ومیكانیكیی ناو بینا وباڵەخانەكان و سەلامەتی پێكهاتە و كارامەیی لە ووزە و هەنگاونان بۆ بە ئەلكترۆنیكردنی پرۆسە وڕێكاری ڕێپێدانیی بینا.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیكردن لەو هەنگاوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، گشت وەزارەتەكانیشی ڕاسپارد كە هاوكار و هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بن بۆ جێبەجێكردنی كۆدی بینا و ڕێنمایی نوێی پلانسازیی و بە جدیی كاربكەن بۆ ڕێكخستنەوە وبەدوادچوونی موڵكەكانی دەوڵەت لە سەرجەم وەزارەتەكان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەركارەكان كە سەرچاوەیەكی فراوانی داهاتی گشتین.

پاشان، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، كورتەیەكی دەربارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دیاردەكانی سیم كارتی بێ خاوەن، ئۆتۆمبێلی بێبەرایی و تۆمارنەكراو و چەكی بێ مۆڵەت و هەنگاوەكانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە خستەڕوو، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوون وگرفت و بەربەستەكان دا، هەروەها باسی لە هەماهەنگی هاووڵاتیان لەمبارەیەوە كرد و ئەوەشی خستەڕوو كە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز، وادەی دیاریكراو بۆ تۆماركردنی چەكی تۆمارنەكراو كۆتایی دێت و لەو كاتە بەدواوە، بە گوێرەی یاسای نوێی چەك لە هەرێمی كوردستان، ڕێكاری پێویست دەگیردرێتەبەر، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد كە بەردەوام بن لە ڕێكارەكانیان بۆ بەرگرتن لەو دیاردانە و كاركردن بۆ كەمكردنەوەی تاوان و توندوتیژیی وپاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیان.

لە بڕگەی كۆتاییدا، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و وەزیری ناوخۆ، باسیان لە بابەتی دەستنیشانكردنی قەدەغەكراویی ڕێگە گشتییەكان لە دەرەوەی شارەكان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەكان لە بەر ڕۆشنایی یاسای ڕێگە گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و ناوخۆی دا كە بەردەوام بن لە ڕێكارە هاوبەشەكانیان و پێویستە سەرۆكی یەكە كارگێڕیەكانیش لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزا و ناحییەكانیان، چالاكانەتر كاربكەن بۆ لابردنی هەر زیادەڕۆییەك لەسەر ڕێگاوبانە گشتیەكان و بەرگرتن لە هەر هەوڵێكی زیادەڕۆیی و ڕووبەڕوكردنەوەی سەرپێچیكاران لە بەرامبەر یاسا و وەرگرتنی ڕێكاریی قەزایی بەرامبەریان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا