پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی 48 ساڵەی یادی دامەزراندنی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: بەبێ یەكێتی، هیچ پرۆسەیەك لە عێراق و لە كوردستانیش سەرناگرێت.
لە بەشێكی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا هاتووە، ویستی خەباتگێڕیی یەكێتی و كوردایەتی، بناغەی پتەوی نەخشەڕێی دەستووری بۆ ناوچە دابڕاوەكان، بۆ تەوافووق و هاوسەنگی لە وڵاتی فیدراڵی دانا، بە جۆرێك سەرەڕای پاشەكەشێی چەند ساڵی رابردوو و هەوڵی گەمارۆی سیاسی لەسەر ئەزموونەكەمان، سەرەڕای هەوڵی تێكدانی پرەنسیبی تەوافووق و شەراكەت، هێشتا رۆڵی یەكێتی لە پرۆسەی سیاسیی وڵات و ناوەندی بڕیار لە بەغدا، رۆڵێكی گەورە و سەنگینە بە شایەتی یار و نەیار، هێشتا بێ بەشداریی كارا و راوێژی یەكێتی، هیچ پڕۆسەیەك لە عێراق و لە كوردستانیش سەرناگرێت.
لەبەشێكی تری پەیامەكەدا هاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەلومەرجی دوای هەرەسدا دڕی بە شەوەزەنگی تاریكی دا و خۆری ئومێدی بە گەلەكەمان بەخشییەوە. هەزاران شەهیدی لەم هەوراز و نشێوەدا بەخشی، سەرەڕای دژواری رێگا، سەرەڕای ئەنفال و كیمیاباران، راگوێزان و تەعریب كۆڵی نەدا و بۆ یەكەمین جار لە مێژووی حزبی كوردیدا خەباتی گەیاندە لووتكەی ڕاپەرینی رزگاری، گەیاندییە یەكەمین هەڵبژاردن و پێكهێنانی حوكمرانی ئیرادە و ئیدارەی گەلەكەمان و ئەزموونێكی بیناكرد كە ببێتە ناوەندێك بۆ خەونی كوردستانیی و چەقی روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری بەعس لە (2003) دا بە رزگاری سەرتاسەری كوردستانیشەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم خەباتە درێژخایانەی یەكێتی بە یەكڕیزی و یەك ئامانجی لەگەڵ هێزە كوردستانی و عیراقییەكان كارێكی كرد دەستووری عیراقی نوێ شەرعیەتی ئەزموونی دیموكراتی كوردستان بسەلمێنێ، رابەری شۆڕشی نوێش، سەرۆك مام جەلال، ببێتە یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی كورد لە مێژووی عیراقدا.
باسی لەوەشكرد، ئەم ویستە خەباتگێڕییەی یەكێتی و كوردایەتی بناغەی پتەوی نەخشەڕێی دەستووری بۆ ناوچە دابڕاوەكان، بۆ تەوافوق و هاوسەنگی لە وڵاتی فیدراڵی دانا بە جۆرێك سەرەڕای پاشەكەشێی چەند ساڵی رابردوو و هەوڵی گەمارۆی سیاسی لەسەر ئەزموونەكەمان، سەرەڕای هەوڵی تێكدانی پرەنسیبی تەوافوق و شەراكەت، هێشتا رۆڵی یەكێتی لە پڕۆسەی سیاسیی وڵات و ناوەندی بڕیار لە بەغدا، رۆڵێكی گەورە و سەنگینە بە شایەتی یار و نەیار، هێشتا بێ بەشداری كارا و راوێژی یەكێتیی هیچ پڕۆسەیەك لە عیراق و لە كوردستانیش سەر ناگرێ. بێگومان ئەو رۆڵە سەنگینە هەمیشە بۆ قازانج و یەكڕیزی گەلی كوردستانە و ویستێكی نەتەوەیی و روانینێكی كوردستانی لە پشتە.
ئەوەشی روونكردووەتەوە، لەپاڵ بەرزراگرتنی سەروەری و نەبەردییەكانمان، زۆر گونجاوترە یادی ئەمساڵ بكەینە دەرفەتێك بۆ ئەركەكانی قۆناغی نوێ لە چاكسازی راستەقینە، بیكەینە بۆنەیەك بۆ خۆڕێكخستنەوە و ئاشتكردنەوەی جەماوەر كە سەرچاوەی هێزی لەبن نەهاتووی یەكێتین لەڕێی ئامانجە دوورەكانی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) دا.