هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا!

سبەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیایە و یەکێک لەو دوو کاندیدە دەبێتە سەرککۆمار.

لە گەڕی یەکەم لەسەر ڕاسپاردە و داوای هەدەپە زۆربەی هەر زۆری کورد دەنگیان بە کەمال کلیچدار ئۆغلو دا، بەڵام ئەو نەک نەیتوانی سەربکەوێ، بەڵکو لەسەر ئاستی تورکیا لە ئەردۆگانیش کەمتر دەنگی هێنا. ئەوەی جێی تێڕامانە لەماوەی ڕابردوودا:
– باری ئابووری تورکیا داتەپێوە و نرخی لیرەی تورکی هاڕەی کردوە.

– بێکاری و گرانی زیادی کردوە.

– ئازادیی دەربڕین سنوردار کراوە و لەسەر دەربڕین و ڕاگەیاندن دەیان ڕۆژنامەنوس و نوسەر و سیاسەتمەدار گیراون.

– قەیرانە دەرەکیەکانی تورکیا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری بە ژمارە زۆرتر و بەناوەرۆک قوڵتر بوونەتەوە…

کەچی، هێشتا بابەتی سەرەکی هەڵمەتی هەڵبژاردن نەژادپەرستی و تورکچێتی بوو. هەرچەندە کورد و بەشێکی زۆریش لە دیموکراسیخوازانی تورکیا ئومێدیان بەوە هەبوو کە ئەگەر کلیچدار ئوغلو دەربچێ لانی کەم دەرگای دۆزەخ دادەخرێ، بەڵام بۆ گەڕی دووەم کەمال کلیچدار ئۆغلوش لەسەر هەمان تەوژمی دەوڵەتپەرستی و تورکچێتی زۆڕنای هەڵمەتی هەڵبژاردنی ژەند! دیارە کلیچدار ئۆغلو دەیەوێ بەو شێوازە دەنگی تورکە توندڕەو و شۆڤێنیستەکان بەدەستبێنێ کە ڕێژەکەیان یەکجار گەورەیە، بەڵام بەندە بڕواناکەم ئەوان لە کلیچدار ئۆغلۆ خۆشبن کە لە بنەچە هەم کورد و هەم عەلەوییە. واتا مەرج نییە ئەو سیاسەتەی دادی بدات.

لەبەرامبەر کەمال کلیچدار ئۆغلودا رەجەب تەیب ئەردۆگانیش قیڕەی نەتەوە پەرستی گەورەتر کرد و دوای ئەوەی لەگەڵ سینان ئۆغانی سەرکردەی رەگەزپەرست و توندڕەوەکانی تورک ڕێککەوت ئەو هەنگاوەی بەسەرکەوتن دایە قەڵەم.

ئەو تورکانە کە دەنگیان بە سینان ئۆغاندا بوو دوای دەرنەچوونی لەگەڕی یەکەم بوون بە دوو بەرە و هەر بەرەیەکیان پشتیوانی لە کاندیدێک دەکەن. هەردوو بەرەکەش بە مەرج و بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد پشتیوانیان بۆ کاندیدە نوێکانیان دەربڕیوە.

لەگەڕی یەکەم ئەردۆگان لە پێشەوە بوو، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی دیکەش بوونی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە دەستی خۆیدا هاوکار دەبن بۆ ئەوەی لەگەڕی دووەم بیباتەوە. تەنیا ئەگەرێک ماوە لە بەرژەوەندیی کلیچدار ئۆغلو بێ ئەویش ئەوەیە کە لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەی ڕابردوودا ڕای گشتی تورکیا گۆڕابێ و خەڵکەکە بیریان لەباری ژیان و گوزەرانی خۆیان کردبێتەوە، نەک دروشمە بریقەدارەکان، چونکە کەس نییە نەزانێ بەو سیاسەتەی ئێستای ئەردۆگان ئابووری تورکیا زیاتر دادەڕمێ و خەڵکەکەی ماڵوێرانتر دەبن.

ئێمە دەزانین پارتی داوا لە بەغدا دەکات کە بەزۆینە و کەمینە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکات. ئەوە داوایەکی ڕەوا و ڕاستە، بۆیە یەکێتی و حزبەکانی تریش هەمان هەڵوێست و بۆچوونیان هەیە، کەواتە لەسەر ئەو بابەتە کۆدەنگی نیشتیمانی هەیە، بەڵام دەپرسم ئایا بۆچی پارتی لە کوردستان پەیڕەوی هەمان ئەو سیاسەت و پڕانسیپە ناکات؟!
ئایا باشتر نییە، ئێمە بەنموونە باش و جوانەکانی خۆمانەوە بەیەک دەنگی لە بەغدا بین؟

ئارێز عەبدوڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا