پڕۆژەیاسای بودجە.. ڕێککەوتنی نێوان “گەورەکان” و یاری دەستی “بچووکەکان”

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بابەتی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لەدوای دەستکاریکردنی هەندێک لە بەندەکانی پڕۆژەیاساکە کە تایبەتە بە پشکی هەرێم و کاردانەوەی حکومەتی هەرێم بەرامبەر بەو گۆڕانکارییانە کە بە “نادەستووری” وەسفیکرد.

لەمبارەیەوە مشعان جەبوری، سیاسەتمەداری عێراق دەڵێت، رێککەوتنی “گەورەکان” کە لەنێوان بەغدا و هەرێم واژۆکراوە، بووەتە بابەتێک کە “بچووکەکان” خەریکن دەستی تێوەردەدەن و هەوڵی خۆ نمایشکردن دەدەن، ئەمەش مەترسیدار و شەرمەزارکەرە.

چەند پەرلەمانتار و سیاسییەک هەموو هەوڵێکیان بۆ تێکدانی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمە

لە تویتێکدا مشعان جەبوری باس لەوە دەکات، گومانی تێدا نییە چەند پەرلەمانتارێک و کەسایەتییەکی سیاسی هەموو وزەی خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ تێکدانی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم بەتایبەتی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە کە بە بنەمای یەکڕیزی وڵات و سەقامگیری سیاسی و مافەکانی هاوڵاتیان لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

ئەم کەسایەتییە سیاسییە ئاماژە بەوەش دەکات، “مەترسیدار و شەرمەزارییە رێککەوتنی گەورەکان بەهۆی دەستوەردانی بچووکەکانەوە تێکبچێت”.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی لەبارەی گۆڕانکارییەکان باسی لەوە کرد، مایەی نیگەرانییە ئەو گۆڕانکارییانەی لە چەند بڕگەیەکی پڕۆژەیاسای بودجەدا کراوە کە پەیوەستە بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتەواوەتی ئەم گۆڕانکارییانە ڕەتدەکەینەوە.

بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بدرێت.

لایخۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، “کۆمەڵێک لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەندێک گۆڕانکارییان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کردووە کە پێشێلکارییە دژی ڕێککەوتنەکانی پێشتر کە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجاممانداوە”.

گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجە نیگەرانی گەورەی لەلایەن دەسەڵاتی هەرێم لێکەوتەوە

وتیشی، ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر کراوە بەردی بناغەی هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدایە و پێویستە لەسەر هەمووان ڕێز لە خاڵەکانی بگرن.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بەوەی پێویستە لەسەر هەرێمی کوردستان مانگانە %10ی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی هەرێم بداتەوە، ئەمەش لە هەموارکردنی بودجەدا جێگیرکرا تا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

لایخۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە گۆڕانکاری لەو ماددە و بەندانەدا بکرێت کە پەیوەستن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنوسی یاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق.

ڕۆژی 13ی ئاداری ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیران زەبەلاحترین بودجەی مێژووی عێراقی پەسەندکرد کە بڕەکەی زیاتر لە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینارە کە دەکاتە نزیکەی 152.2 ملیار دۆلار، کە کورتهێنانەکەی گەیشتووەتە 63 ترلیۆن دیناری عێراقی، لەگەڵ ناڕەزایی شارەزایانی بواری ئابووری و یاسایی بەرامبەر بەندەکانی پڕۆژەیاساکە، هێشتا پڕۆژەیاساکە نەگەیشتووە بەوەی پەسەندبکرێت چونکە ناکۆکییەکی زۆری لەسەرە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا